بەغدا و مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان

هەرێمی کوردستان ساڵانێکە بە هۆی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکەی بارزانییەکانەوە تووشی قەیرانێکی گەورەی دارایی بووە، بەو هۆیەوە حکومەت نەیتوانیوە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش بکات، ئێستاش کە بەغدا دەیەوێت لە پاش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، کێشەی مووچە چارەسەر بکات، لە دڵی ئەو قەیرانەدا قەیرانی مووچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان سەریهەڵداوە.

وەزارەتی دارایی عێراق بۆ دابەشکردنی مووچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان، داوای ناو و ناونیشانی ئەو هێزانە دەکات بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لە هەر دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە بە هەزاران کەسی وەهمییان خستووەتە نێو لیستی مووچەخۆرانەوە، ناوێرن ناوەکان بنێرن و دەڵێن بەغدا دەبێت بە کۆد ئەو مووچانە دابەش بکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە ئەمنییەکاندا بە تایبەت لە هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن، هێزەکانی زێرەڤانی و هێزەکانی 70 و 80 بە تورەکە پارەی دابەش کردووە بە سەر ئەو هێزانەدا و پڕیەتی لە ناوی وەهمی. ئێستا بەغدا دەڵێت ناوەکانیان بنێرە تا مووچەی ئەو هێزانە دابەش بکرێت کە چی لە هەرێمی کوردستانەوە باسی کۆد دەکرێت و لەم سەردەمەشدا کۆد هیچ ڕەوایەتییەکی نییە و حکومەتی عێراقیش هیج کات بە کۆد مووچە دابەش ناکات.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتە شکستخواردووەکەی هەرێمی کوردستان دەڵێت پرسی مووچەم یەکلایی کردووەتەوە و وەک دەسکەوتێک بە خەڵکی دەفرۆشێتەوە بەڵام هەمووان دەزانن کە ئەگەر بەرەوپێشچوونێک لە پرسی مووچەی هەرێمی کوردستاندا هەیە بە هۆی بڕیارە مێژووییەکەی دادگای فیدراڵی عێراقەوە بووە.

ئەگەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نەدەبوو، هێشتا مووچە لە هەرێمی کوردستان دابەش نەدەکرا و مانگێک دەبووە 50 ڕۆژ زیاتر بۆ فەرمانبەران. وەک ئێستا کە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان هێشتا مووچەی مانگی نیسانیان وەرنەگرتووە.