بەغدا هیچ حسێبێک بۆ هەرێم ناکات

ململانێ و شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی تا دێت گەرمتر دەبێت، ئەم شەڕە لە ئێستادا سنورەکانی هەرێمی کوردستانی تێپەڕاندووە و لە بەغدا زیاتر بووە، کوڕانی تاڵەبانی لە پایتەختی عێراقەوە تۆڵە لە پارتی و مەسرور بارزانی دەکەنەوە.

چیرۆکی هەرێمی کوردستان بەرەو کۆتایی دەڕوات. مەسرور بارزانی و کوڕانی تاڵەبانی شەڕەکەیان گەرمتر کردووە و دۆخی هەرێمیان تێکداوە. ئاشکرایە کە بەرپرسانی بەغدا هیچ حسێبێک بۆ هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی ناکەن، بۆ وەرگرتنی یەک مووچە دە جار شاندی هەرێم دەچێتە بەغدا و بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە، بەرپرسانی هەرێم ئامادەن هەموو شتێک ڕادەست بکەن بەڵام بەغدا هێشتا ڕازی نابێت.

بەرپرسانی حکومەتی عێراق باش دەزانن کە کورد چەندە پەرتەوازەیە و هیچ یەکگرتووییەک لە نێوماڵی کوردیدا نابینرێت، ئەوان دەزانن کە کابینەکەی مەسرور بارزانی هەر بە ناو یەکێتی تێدایە و بەم هۆیەوە شاندەکانی حکومەتی هەرێم لە بەغدا وەک شاندی تایبەتی پارتی سەیر دەکرێن.

بەرپرسانی حکومەتی عێراق باش دەزانن کە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکدا نییە بتوانێت ئیرادە و داواکارییەکانی خۆی بسەپێنێت، ئەوان دەزانن هەریمی کوردستان بە یەک ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆرەوە توانای بەرگە گرتنی نەماوە و ناتوانێت لە بەغدا بێمنەت بێت، لە کاتێکدا کە حکومەتی هەرێم لە پاش نەوتەکەی هیچ سەرچاوەیەکی گرنگ و گەورەی بە دەستەوە نەماوە، هەر بۆیە جگە لە ملدان هیچ ڕێگەیەکی دیکەی لە بەردەمدا نەماوە. ڕەنگە تەنیا ڕێگەی بەرپرسانی هەرێم کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق بێت کە ئەمەش لای بەرپرسانی بەغداوە بە کارتێکی هەرە لاواز دادەنرێت و حسێبی لە سەر ناکەن. ئەوان دەزانن کە کشانەوە لە بەغدا کارتێکی نیوە سووتاوە و یەکێتی ئامادە نییە قبووڵی بکات و پارتی تێیدا بە تەنیا دەمێنێتەوە.

لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا ئێستا بەرپرسانی یەکێتی هیچ کات مەیلیان بە لای مەسرور بارزانیدا نەبووە، مەسرور بارزانیش هێندە بە بچووک سەیری یەکێتی کردووە کە نەک تەنیا دەسەڵاتی تەواوی بە قوباد تاڵەبانی وەک جێگری خۆی نەداوە، بەڵکوو دەیەوێت هەر بڕیار و فەرمانێکی وەک هەولێر لە سلێمانیش جێبەجێ بکرێت. بەڵام یەکێتی هیچ کات موڵەتی ئەوەی نەداوە بەرپرسانی پارتی لە حکومەتی هەرێم لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەم حیزبەدا قسەیان جێبەجێ بکرێت.

قۆڵبادانی مەسرور بارزانی و کوڕانی تاڵەبانی هەموو سنورێکی بەزاندووە، مەسرور بارزانی بە ئاشکرا دەستێوەردانی لە دۆخی ناوخۆیی یەکێتی کردووە، نەیاران و ناحەزانی کوڕانی تاڵەبانی لە هەولێر و لای مەسرور بارزانی پەنایان گرتووە و کاریان بۆ کراوە. سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەمەش نەوەستاوە و دەستی بۆ ئەو کەسانە بردووە کە جێی متمانەی بنەماڵەی تاڵەبانین و لە پۆستی هەستیاردان، وەک وەهاب هەڵەبجەیی کە لە دۆسیەی کوژرانی هاوکار جاف لای پارتی و بارزانییەکانەوە حوکمی سێدارەی بۆ دەرکراوە. ئەمانەش وایکرد کە کوڕانی تاڵەبانی هەوڵی تۆڵەکردنەوە لە مەسرور بارزانی بدەن.

کوڕانی تاڵەبانی ئەوەی لە هەولێر لە دژی خۆیان و یەکێتی دەکرێت، لە بەغدا تۆڵە لە مەسرور بارزانی و پارتی دەکەنەوە. ئەوان لە بەغدا ناڕاستەوخۆ چۆکیان بە کابینەکەی مەسرور بارزانی داداوە و پێیان وایە کە کەوتنی ئەم کابینەیە، کەوتنی مەسرور بارزانییە نەک کەوتنی هەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی و حکومەتەکەی ڕوبەڕوی دۆخێک بوونەتەوە کە پێشتر هەرێمی کوردستان ئەوەی بە خۆوە نەبینیوە، لە لایەک بەغدا هەموو شتێکی لە دەست دەرهێناوە و لە لایەکی دیکەشەوە کابینەکەی ماڵێکی لێکترازاوە و هەر بە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستانی تێدایە.

ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی تەنیا هەوڵی پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەن و ئەوەی زیانی پێدەگات هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیە.