بەزمی پەتاتەکە

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا میدیاکانی سەر بە سەرۆکی حکومەتە خۆڕاگرەکەی هەرێم، هەواڵی هەناردەکردنی بڕێک پەتاتەی هەرێمی کوردستانیان بۆ وڵاتی ئیمارات بڵاو کردەوە.

ئەم هەواڵە لای میدیاکانی پارتی و سەر بە مەسرور بارزانی هێندە گەورە کراوەتەوە کە وەک دەسکەوتێک بۆ حکومەتە خۆڕاگرەکە باس دەکرێت. گرنگ ئەوەیە کە پەتاتەکەش بەرهەم و دەستکردی جوتیارانی هەرێمی کوردستانە نەک حکومەت و هەناردەکردنیشی هیچ شانازییەک بۆ حکومەتی هەرێم نییە. بەڵام پارتییەکان و میدیاکانی سەر بە سەرۆکی حکومەت وا شانازی بەم پەتاتەوە دەکەن کە دەڵێی ئەمریکان و ئێف 35 ڕەوانەی وڵاتان دەکەن، دەڵێی ڕووسیان و سیستەمی بەرگری ئاسمانیی ئێس 500 دەفرۆشنە وڵاتان، یان ژاپۆنن و خاوەنی ئەو هەموو تەکنۆلۆژیا و هەناردەیەن.

کەسێک نییە بڵێ ئاخر هەناردەی پەتاتە چییە بەم شێوەیە بە شانازییەوە باسی بکەن، پەتاتە خۆی و هەناردەی چییە؟ تەنیا ئامانج لە ناردنی ئەو بڕە پەتاتەیە بۆ ئیمارات، سەلماندنی دوو بابەتە. بانگەشەی سەرکەوتوویی بۆ مەسرور بارزانی و هەروەها پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتی ئیمارات.

سەیری سنورەکان بکەن، لە ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ، پەروێزخان و سنورە نافەرمییەکان و تەنانەت بە قاچاخیش ئەو هەموو کاڵا و پێداویستییە بە تایبەت خۆراک هاوردەی هەرێم دەکرێت، ئەوەی لە سەر سفرەی خەڵکی کوردستاندایە لە وڵاتانی ئێران و تورکیاوە هاوردە دەکرێت و بەم حاڵەوە سەرۆکی حکومەتە و میدیاکانی شانازی بە هەناردەی چەند گۆنی پەتاتەوە دەکەن.

ساڵی ڕابردووش سەرۆکی حکومەت وا باسی هەناردەی هەنارەکەی هەڵەبجەی دەکرد وایدەزانی کۆنتڕۆڵی بازرگانیی ناوچەکەی کردووە. سەرۆکی ئیمارات کە دۆبەی بووەتە سەنتەری بازرگانیی ناوچەکە، هێندە شانازیی بە هەناردەی ئەو چەند گۆنی هەنار و پەتاتەوە ناکات.