بەرەی توركمانی لە بڕیارێكی دادگای عێراق تاساوە

دوای ئەوەی دادگای عێراق، بێ تاوانی ئەو سێ كەسەی سەلماند، كە تۆمەتبار كرابوون، بە سوتاندنی بازاڕەكانی كەركوك و هەولێر و پەنجەی تۆمەت ئاراستەی پەكەكە كرابوو، ڕایگەیاند هیچ بەڵگەیەك نیە لەسەر تێوەگلانیان لەو كردەوانە، بەرەی توركمانی ناڕەزایی دەردەبڕێت.

لە یەكی تەمموزی 2024دا، هەریەك لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا سێ كەسیان نمایش كرد و تۆمەتباریان كردن بەوەی بە هاندانی پارتی كرێكارانی كوردستان، ئاگریان لە بازاڕەكانی هەولێر، دهۆك و كەركوك بەرداوە.

ئەو كات، عەمید میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕایگەیاند: ئەوانە لە ئۆپراسیۆنێكی تایبەت و بە كۆششێكی زۆری هەواڵگری و هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغداد دەستگیر كراون.

هەر لەو میانەیەدا، هێمن میرانی وەك نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، باسی لە پارتی كرێكارانی كوردستان كرد و ڕایگەیاند، ئەو كەسانە مەشقیان پێكراوە بۆ سووتاندنی بازاڕەكان و دژەتیرۆری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش تێوەگلاوە و پارتی كرێكارانی كوردستان دزەی كردووەتە ڕیزەكانیان و كارمەندانی ئەو دەزگایەی تەجنید كردووە.

بەڵام دوای لێكۆڵینەوە و دادگاییكردن، دوێنێ سێشەممە شەشی تشرینی دووەمی 2024، دادگای ڕەسافە بڕیاری بێ تاوانی تۆمەتبارەكانی دەركرد و ڕایگەیاند، هیچ بەڵگەیەك لەبەردەستدا نیە بیسەلمێنێت ئەوانە تاوانەكەیان كردووە.دادگاكە بڕیاری دا، ئۆتۆمبێل و ئەو كەستانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بۆ ئەو هاوڵاتیانە بگەڕێندرێتەوە و دەستبەجێ ئازاد بكرێن.لە كاردانەوەی ئەو بڕیارەدا، حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی، كە توركیا پشتیوانی دەكات، لە كۆنفرانسێكی میدیاییدا، ئەمڕۆ چوارشەممە شەشی تشرینی دووەمی 2024، لە بەغداد وتی:” ئێمە تاساوین بە ئازادكردنی ئەو كەسانە، چونكە ئەوان خۆیان دانیان بەوەدا نابوو، سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستانن”.

وتیشی:” تۆمەتبارەكان دانیان بەوەدا نابوو، بازاڕەكانیا سووتاندووە، وتەكانیان پەسند كرابوو، دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك، بەدواداچوونی دادوەری بۆ تاوانەكان كردبوو”.

توران وتیشی:” ئازادكردنی ئەو كەسانە كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ڕەوشی ئەمنی كەركوك. هۆكاری گواستنەوەی دۆسییەكەیان لە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركوك بۆ دادگای ناوەندیی تاوانەكانی ڕەسافە دیار نیە”.