بەرگری لە قەوارەی هەرێم یان کابینەکەی مەسرور بارزانی؟
هەوڵەکانی پارتی بۆ درووستکردنی بەرەیەکی پشتیوانی مەسرور بارزانی و حکومەتەکەی ئاشکرا بووە. ئەمەش بە کۆبوونەوەی پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان دەستیپێکرد و بڕیارە لە داهاتوودا چەند هەنگاوێکی دیکە بگیرێتەبەر.
بە زیاتربوونی فشارەکانی بەغدا لە سەر حکومەتەکەی مەسرور بارزانی و ئەو ناڕەزایەتییە گەورەیە کە لە ناوخۆوە لە دژی ناوبراو درووست بووە، دەسەڵاتدارانی پارتی دەیانەوێت بە ناوی بەرگری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان، لایەنە سیاسییەکان ببەنە بەرەی پشتیوانیکردن و پاراستنی کابینەکەی مەسرور بارزانی.
ئامانجی سەرەکی پارتی ئەوەیە کە کابینەکەی مەسرور بارزانی لە بەرامبەر هەنگاوەکانی بەغدا بپارێزێت.
یەکەم قۆناغی ئەم پلانەی پارتی بە کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی ئەم حیزبە و بزوتنەوەی گۆڕان دەستیپێکرد، لە ڕاگەێندراوی کۆتایی ئەو کۆبوونەوەشدا جەخت لە سەر پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر بەغدا کرایەوە.
کۆبوونەوەی دووەمی پارتی لەم چوارچێوەیەدا لە گەڵ یەکێتی دەبێت، یەکێتیش ئامادەیی خۆیی نیشانداوە و سەعدی ئەحمەد پیرەی وتەبێژ ڕایگەیاندووە کە کۆبوونەوەکە بەڕێوە دەچێت.
پارتی بەم کۆبوونەوانە دەیەوێت جەخت لە سەر کاری هاوبەش بۆ هێشتنەوەی کابینەکەی مەسرور بارزانی بکاتەوە، دواتریش هەوڵ دەدات بەرەکە فراوانتر بکات و لایەنەکانی دیکەش بهێنێتە پێشەوە.
پارتی دەزانێت کە بە تەنیا ناتوانێت فشار لە سەر بەغدا درووست بکات، یەکەم ئامانجیشی ئەوەیە کە شکست بە پرۆژەی ناردنی ڕاستەوخۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن بەغداوە بێنێت. پارتی دەزانێت لە کاتی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق ڕەنگە پرۆژەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکرێتە یاسا، هەر بۆیە دەیەوێت بە پشتیوانی چەند لایەنێکی سیاسی کوردی ڕێگری لەوە بکات.
هەوڵی نزیکبوونەوەی پارتی لە یەکێتی لە کاتێکدایە کە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ئەوەی ڕەتکردووەتەوە کۆبوونەوەی لە گەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی هەبێت و مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیی بۆ کۆبوونەوەکە ڕاسپاردووە.