بەرگری حەماس و حیزبی کوردی
ئەم بەرگرییە بەهێزەی حەماس ئەگەر بەراورد بە بەرگری لاوازی حیزبی کوردییەوە بکرێت بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە فەڵەستینییەکان چەندە بوێرانە شەڕەکەیان کردووە.
ئیسرائیل خاوەنی 170 هەزار چەکدارە و 470 هەزار ئیحتیاتیشی هەیە، حەماس تەنیا 20 هەزار چەکداری هەیە، بە واتایەکی دیکە کۆی هێزی سەربازی ئیسرائیلی 32 هێندەی هێزەکەی حەماسە و لە ڕووی تەکنۆلۆژیاشەوە پێکەوە بەراورد ناکرێن.
هێزی چەکداری حیزبی دەسەڵاتی کوردیش لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 428 هەزار کەسە کە لە سوپای زۆربەی وڵاتانی جیهان زیاترە. بودجەی ئەو هێزانەش لە سەدا 31 ی داهاتی کوردستانە کە بەراورد بە بودجەی سەربازی زۆربەی وڵاتانیش زیاترە، کەچی لەو زنجیرە شەڕانەی هێزی کوردی و داعشێکی بێنیزام ئەوپەڕی لاوازی بینرا.
حەماس مانگێکە لە بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا چ بەرگرییەک دەکات، کەچی کورد بە 6 ڕۆژ لە ساڵی 2017 نیوەی کوردستانی لە دەستدا کە دەکاتە چوار هێندەی پانتایی غەززە.
بەراوردێکی دیکە، سوپای عێراق هێندەی 10 خولەکی سوپای ئیسرائیل تەقەمەنی بەکار نەهێنا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کەرکوک تا شەنگال.
ئەگەر بەراوردی دیکەش بکەین، ژمارەی ئەو داعشانەی بۆ کوردستان هاتن کە بووە هۆی ڕاکردنی فەرماندەکان، هەر شۆک دەبین، بۆیە بڵاو ناکرێتەوە.
بەرگرییەکەی رۆژئاوای کوردستانیش لە بەرامبەر تورکیا بووەتە نموونەیەکی گەورەی بەرگری و وەک شانازییەک دەنووسرێتەوە.
دەسەڵاتدارانی هەرێم شانازی بە چ هێزێکی چەکدارییەوە دەکەن؟ بۆ لێژنەی لێکۆڵینەوە لە هەڵهاتنی فەرماندەکانی شەڕی داعش چالاک ناکرێتەوە تا هەموو ڕاستییەکان ئاشکرا بکرێن؟