بێ نەوتییەکەی کوردستان
حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت خزمەتگوزاری پێویست بۆ خەڵک دابین بکات. لە کارەبا و سووتەمەنی و ئاوی تەندرووست، پاش 32 ساڵ لە دەسەڵاتی حکومڕانیی کوردی، ئەم خەڵکە بە دەست نەبوونیانەوە تووشی کێشە و گرفتی جیدی بوون.
خەڵکی کوردستان بۆ وەرزی زستان پێویستیان بە نەوتە و حکومەتیش لە ئێستا و ساڵانی ڕابردوودا ئەو ئەرکەی جێبەجێ نەکردووە، خەڵکیش پەنایان بۆ بڕینەوەی داری دارستانەکان بردووە و ئەمەش ژینگەی کوردستانی ڕوبەڕوی مەترسییەکی گەورە کردووەتەوە.
لە هەندێک ناوچەی کوردستان بەفرێکی زۆر دەبارێت، ناوچە کوێستانییەکان، هەندێک جار ڕێگای هاتووچۆیان بە هۆی بەفرەوە دادەخرێت، ئەم خەڵکە لە بارودۆخێکی وەهادا تەنانەی نەوتیشیان نییە.
خەڵک بە هۆی نەبوونی نەوتەوە پەنایان بۆ زۆپای دار هێناوە تا بتوانن خۆیان لە سەرمای زستاندا بپارێزن.
زۆپای دار و بڕینەوەی داری دارستانەکان چیرۆکی سەردەمی ساڵانی نەوەدەکانە کە لە ئێستادا بە هۆی شکستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان سەریهەڵداوەتەوە. نەوتی سپی کەمە و گران و خەڵک ناچارن بۆ ئەو سەردەمە بگەڕێنەوە.
بەکارهێنانی زۆپای دار تەنیا بۆ گوند و ڤێلا و باخەکان نییە، بەڵکوو لە ناو شارەکانیش خەڵک لە ناچاریدا بەکاری دێنن.
ئەو مەترسییانەی کە بەکارهێنانی غازی شل هەیەتی و بە هۆی چەند ڕووداوێکی ناو شارەکانەوە، وای لە خەڵک کردووە کە لە بری غاز، زۆپای دار بەکار بێنن.
ئەمە ڕاستی حکومڕانی کوردییە کە سەردەمێک بانگەشەی بوون بە دۆبەیی دەکرد بەڵام بۆ ساڵانی نەوەدەکان پاشەکشەی کردووە.