بێ ئاوی خەڵکی هەولێر توڕەتر دەکات

قەیرانی بێ ئاوی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ڕووی لە پەرەسەندنە و گرنگتر ئەوەیە کە ئەوانەی خۆیان بە ئەندازیارانی ئاوەدانی کوردستان ناساندووە، هیچیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە پێنەبووە.

بێ ئاوی خەریکە هەولێر دەخنکێنێت، بە هاتنی وەرزی گەرما کێشەی زۆربەی هەولێرییەکان قووڵتر بووەتەوە، ئاو لە هەولێر لە پێداویستییەکی ژیارییەوە بووەتە شمشێرێکی سیاسیش، هەولێری سیتی و گەڕەکە دەوڵەمەندەکان شتێکە و هەژارنشینەکان شتێکی دیکە.

ژێر زەوی هەولێر وەک شارە مێرو بیری ئاو کون کونی کردووە، حکومەتە خۆڕاگرەکەی هەرێمی کوردستان دەستەوەستانە و ئەوەی دەیکات چارەسەر نییە و ماڵ وێرانییە. بێ ئاوی توڕەیی خەڵکی هەولێر دەتەقێنێتەوە، لەم وەرزەدا تا دێت خەڵکی هەولێر تینوتر دەبن، ڕۆژ نییە لەم شارەدا هاووڵاتیان و بە تایبەت لە گەڕەکە هەژارنشینەکان خەڵک لە بەر بێ ئاوی ناڕەزایەتی دەرنەبڕن، ئەوان لە دۆخێکدان تەنانەت زۆر جار بە تەنکەریش ئاویان دەست ناکەوێت.

لە هەولێر، نەک تەنیا ئاوی سەر زەوی، بەڵکوو ئاوی ژێر زەویش تا دێت ڕێژەی لە نزمبوونەوە بەردەوام دەبێت، ئێستا لە هەولێر بە سەدان بیری ئاو هەیە کە ئاوی زیاتر لە سەدا 55 ی دانیشتووانی شارەکە دابین دەکەن. لە شارەکەدا کە زۆرینەی پشتی بە ئاوی ژێر زەوی و بیرەکان بەستووە، قووڵایی بیرەکان لە 700 مەتر نزیک بووەتەوە، بە تەنیاش لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 400 بیری نوێ لێدراون.

بە فەرمانی مەسرور بارزانی و بۆ چارەسەرکردنی بێ ئاوی، ساڵی ڕابردوو 138 بیری دیکە لێدران، بە بۆچوونی شارەزایان، بڕیارەکە خۆکوژی بووە بەڵام لە بەر ئەوەی کە فەرمانی سەرۆکی حکومەت بووە جێبەجێ کراوە. بە لێدانی بیرەکان ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە هەولێر زیاتر دابەزی و چەندین بیریش کە لەو ئاستەی قووڵاییدا نەبوون وشکیان کرد.

ئاو لە هەولێر چیتر تەنیا وەک بابەتێکی ژیاری نەماوە و بووەتە کەیسێکی تەواو سیاسی. دەسەڵات دەیەوێت نیشان بدات کە کێشەی بێ ئاوی هەولێر هێندە گەورە نییە و تەنیا لە چەند کۆڵانێکدایە. ناڕەزایەتییەکانیش بەرامبەر بە بێ ئاوی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە سەرکوت دەکرێت. بە پێچەوانەوە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و بە تایبەت جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە دابەشکردنی ئاو لە گەڕەکە هەژارنشینەکان بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت پرسی ئاو کاریگەری بەرچاوی لە سەر ئەنجامی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی 25 ی شوباتی 2024 لە هەرێمی کوردستان هەبێت لە شاری هەولێر کە بێگومان لە بەرژەوەندی نەوەی نوێدا دەبێت.

زۆربەی دانیشتووانی هەولێر بە تایبەت گەڕەکە هەژارنشینەکان لەو بڕوایەدان کە کێشەی بێ ئاوی لە هەولێر کێشەیەکی سرووشتی نییە. ئەوان دەڵێن هەولێر یەک هەولێرە و نابێت لە سیتی و گەڕەکە دەوڵەمەندنشینەکان کێشەی بێ ئاوی نەبێت و تاڤگە و دەریاچەش درووست دەکرێت بۆ کات بەسەربردن و لە گەڕەکە هەژارنشینەکان ئاوی خواردنەوە دەست نەکەوێت.