بۆ کاکە حەمە؛ تکایە واز لە پارتی بێنە
لۆژیکی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان وایە کە هەر کەس لە پارتی و بارزانییەکان نزیک ببێتەوە دەدۆڕێت، نموونەشی بزوتنەوەی گۆڕانە کە سەردەمێک تا پلەی دووەمی هێزە سیاسییەکانی کوردستان ڕۆیشت بەڵام کاتێک بووە هاوبەشی پارتی و مەسرور بارزانی لە کابینەی نۆیەم، وا سزا درا کە تەنانەت خەون بە کورسییەکی پەرلەمانییەوە دەبینێت. گۆڕان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی 2021 ی عێراق تەنانەت نەبووە خاوەنی یەک کورسی و ئێستاش ئەگەرچی هەوڵی هەستانەوە لە خەو دەدات بەڵام ترس و دڵەڕاوکێی دووبارەبوونەوەی هەمان شکست لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیش گردەکەی گرتووەتەوە.
محەممەدی حاجی مەحمود لەو کەسانەیە کە تەنیا بە هۆی خەبات و کەسایەتی خۆیەوە، نەک بە هۆی سۆسیالیست دیمۆکراتەوە، لای خەڵکی کورد ناسراوە و پلە و پێگەی هەیە بەڵام پارتی لە بەر ئەوەی نایەوێت کەسی دیکە لە کوردستان ناوبانگی هەبێت و تەنیا مەسعود بارزانی بە کەسایەتی و مەرجەع و دەستەواژەکانی دیکەی خۆیان دابنرێت، بە پلان و ئەنقەست وایان لە محەممەدی حاجی مەحمود کردووە کە بەرە بەرە ئەو پلە و پێگەیە لە دەست دەدات.
بوون و نەبوونی عەبدوڵڵای حاجی مەحمود لە کابینەی نۆیەم چ سوودێکی بۆ سۆسیالیست هەیە، ئەوە نەبێت کە عەبدوڵڵای برای کاکە حەمە مووچە و ئیمتیازی بۆ خۆی وەرگرتووە، هیچ دەسکەوتێکی دیکەی نەبووە. یان ئەو دەنگۆیانەی لە سەر پێکهێنانی هێزێکی سەربازی بۆ کاکە حەمە لە سنوری گوڵەخانە بڵاو کرایەوە. ئەم پلانانە بە ئەنقەست بۆ لێدان لە کەسایەتی کاکە حەمە بووە نەک ئەوەی کە پارتی ئەوی خۆش بوێت و خزمەتی پێبکات.
پارتی دەزانێت کە خەڵکی سنوری سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەر چەندە بە سیاسەتەکانی هەستیارن، ئەوەش ئاشکرایە کە هەر کەس و لایەنێک لە پارتی نزیک ببێتەوە، لای خەڵک سزا دەدرێت. چەندین کەس و لایەن وایان بە سەر هاتووە و ئێستا پارتی بە ئەنقەست وای لە کاکە حەمە کردووە. بەڵام باشترە کاکە حەمە ئەوە بزانێت کە ئەو کەسایەتییەکی گەورەیە و عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک و ڕێباز حەملان و ئەوانی دیکە نییە، کاکە حەمە دەبێت بە دوور لە حیزبایەتی وەک ڕەمزێکی نیشتمانی بمێنێتەوە. ئەگەرچی بوونی پەیوەندی لە نێوان کەسایەتییەکان و لایەنە سیاسییەکان ئاساییە بەڵام نابێت کاکە حەمە ببێتە بڵندگۆی پارتی، بە تایبەت ئەوەی کە پارتی خۆی دەستی لە دەستی بەرپرسانی باڵای بەغدا و لایەنە شێعەکاندایە بەڵام کەسانی وەک کاکە حەمە بۆ دژایەتی حکومەتی ناوەند بەکار دێنێت.