بۆ پرسی مووچە یەکێتی سەردانی دادگای باڵای فیدڕاڵی و وەزیری دارایی دەکات

كاروان یاروەیس ڕایگەیاند: بۆ پرسی مووچە سەردانی دادگای باڵای فیدڕاڵی و وەزیری دارایی دەکەین.

كاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و سۆزان مەنسور، پەرلەمانتاری عێراق و د.جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەگەڵ د.شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووینەوە.

سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە وتی، “كۆبوونەوەكە دەربارەی کێشەی دواکەوتنی مووچە و کێشەی کارگەکانی هەرێمی کوردستان و کێشەی مانەفێستی گومرگی هەرێم بووە”.

ئاشكراشی كرد، لەبارەی هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بڕیاردرا، کە جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانیەکان سەردانی دادگای باڵای فیدڕاڵی و وەزیری دارایی فیدڕاڵی بکرێ و بۆ کێشەی مانەفێستی گومرگ و کارگەکانی هەرێمیش لەگەڵ نووسینگەی سەرۆک وەزیران قسە بکرێ.