بۆ نێچیرڤان بارزانی ڕوو لە ئەورووپا دەکات؟

بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی دووشەممە سەردانی ئەورووپا بکات و ئەڵمانیا یەکەم وێستگەی ئەو سەردانەش دەبێت.

بە پێی زانیارییەکان، نێچیرڤان بارزانی دوو دۆسیەی نەوت و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە گەڵ بەرپرسانی چەند وڵاتێکی ئەورووپی تاوتوێ دەکات.

لە سەر دۆسیەی نەوت، تورکیا بە ڕاشکاوانە بە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی ڕاگەیاندووە کە مامەڵەی ڕاستەوخۆی لە گەڵ حکومەتی عێراق دەبێت نەک حکومەتی هەرێم و ناوبراوش ڕەزامەندی لە سەر ئەوە دەربڕیوە دۆسیەی نەوتی هەرێم ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق و سۆمۆ بکرێت.

لە دۆسیەی هەڵبژاردنەکانی کوردستانیش، پارتی و یەکێتی ناکۆکن و هەر یەک بە لایەکدا دەڕۆن و تا ئەم دوو هێزە نەگەنە ڕێکەوتن، هیچ بەرەوپێشچوونێک بەدی ناکرێت، تەنانەت هەوڵەکانی باربارا لیڤ یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئاشتەوایی لە نێوان پارتی و یەکێتی شکستی هێنا و پێناچێت وڵاتانی ئەورووپی بتوانن هەنگاوێک لەم بوارەدا هەڵبگرن.

ڕەنگە تەنیا ئامانجی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ چەند وڵاتێکی ئەورووپی ئەوە بێت کە خۆی لەم پەراوێزکەوتنە ناوخۆییە کە لە لایەن پارتی و باڵی بنەماڵەی مەسعود بارزانی و بە دیاریکراوی مەسرور بارزانی بە سەریدا سەپاوە، ڕزگار بکات.

سەرۆکی هەرێم دەیەوێت ئەوە بڵێت لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەت وڵاتانی ئەورووپییەوە گرنگی پێدەدرێت و هەوڵ دەدات پۆستەکەی لەم دۆخە کارتۆنییەی ئێستا ڕزگار بکات کە ئەستەمە ئەمەش ڕوو بدات.