بۆ مەسرور بارزانی: ئایا دهۆک داگیر نەکراوە؟

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی چین و توێژە جیاجیاکان، دیسانەوە باسی 16 ی ئۆکتۆبەری کەرکوکی کرد و بە ئاماژەی ناڕاستەوخۆی بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وتی کە خیانەت بووە هۆی لە دەستدانی کەرکوک.

بە بۆچوونی زۆربەی شارەزایان، ڕیفراندۆمەکەی مەسعود بارزانی لە ساڵی 2017 هۆکاری سەرەکی لە دەستدانی کەرکوک و ناوچەکانی دیکە بووە و ئەوەی بە ناوی خیانەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە باس دەکرێت تەنیا پاساوێکە بۆ خۆدزینەوەی پارتی لەو شکستە.

سەرۆکی حکومەت جگە لە باسکردنی کەرکوک و ناونانی وەک دڵی کوردستان، سەبارەت بە شەنگالیش ڕایگەیاندووە کە ئەم شارە داگیر کراوە، ئەویش بۆ بوونی هێزەکانی پەکەکە لەو ناوچەیە دەگەڕێتەوە. ئەگەر سەرۆکی حکومەت ڕاستییەکان ببینێت، دەزانێت کە لە کاتی هێرشەکانی داعش و هەڵهاتنی هێزەکانی پارتی، پەکەکە بوو کە بەرگریی لە ئێزدییەکان و شەنگال کرد. ئێستا بۆ ڕازیکردنی تورکیا دژایەتی پەکەکە دەکەن و بە داگیرکەر ناوی دەبەن.

با سەرۆکی حکومەت سەیری پارێزگای دهۆک و دەیان بنکەی سەربازی و هەواڵگری تورکیا لەم پارێزگایە بکات، ئەو کات بۆی ڕوون دەبێتەوە کە شەنگال داگیرکراوە یان دهۆک؟ خەڵک باشتر دەزانن و ڕاستییەکان بە چاوی خۆیان دەبینن.