بۆ مادە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان پەرەی سەندووە؟

لە هەرێمی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە زیادبووندایە و خەراپترین و کوشندەترین جۆرەکانیشی لە هەرێمدا بوونی هەیە و بازرگانی پێوە دەکرێت.

ئەگەرچی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بانگەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە دەکەن بەڵام بوونی بەرژەوەندی بەرپرسان وایکردووە کە هەوڵەکان لە دژی بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان بێ کاریگەر بێت و هەرێمی کوردستان بەرەو جەمسەرێکی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکانەوە هەنگاو بنێت.

قەیرانی سیاسی، دارایی و بێکاری سێ هۆکاری سەرەکی پەرەسەندنی مادە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستانن. هەروەها پەروەردەی خێزانی و پەروەردەی فەرمیش لە خوێندنگە و زانکۆکان کێشە و کەموکورتی جیدی هەیە و ڕۆڵیان لەم دیاردەیەدا هەیە.

هەرێمی کوردستان بانگەشەی ئەوە دەکات کە یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2020 ی پەرلەمانی کوردستانی لەبارەی ڕێگریکردن لە مادەی هۆشبەر هەیە بەڵام یاساکە بە هۆی بەرژەوەندی حزب و دەسەڵاتدارانەوە وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت و دەبینین کە مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان نە تەنیا کۆنتڕۆڵ نەکراوە، بەڵکوو رۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرەی سەندووە.

لە هەرێمی کوردستان هەموو شتێک بە حزبی کراوە و حکومەت رۆڵ و شوێن دەستێکی وەهای لە بوارە جیاجیاکاندا نییە. هەر بۆیە لەم دیاردەیەشدا سەنتەرەکانی هۆشیاری کۆمەڵگە بوونیان نییە و کەناڵ و میدیاکانیش ئەوەندە بە ئیش و کاری حزبییەوە سەرقاڵن، ئەوەندە لە خەمی کۆمەڵگە و خەڵکدا نین و هیچ چالاکییەکیان لەم بوارەدا نییە.