بۆ شۆڕش ئیسماعیل؛ کوڕەکەت لە کوێی بوو؟!
سان شۆڕش ئیسماعیل کوڕی وەزیری لە سەر لار لادراوی پێشمەرگە لە سەر ئەو زەوییەی کە بە ناوی درووستکردنی کافێ و ڕێستۆرانت وەریگرتبوو، دوو تاوەری بیست نهۆمی نیشتەجێبوون درووست دەکات.
ناوبراو بە نووسراوێکی توانا کەمال سەرۆکی پێشووی شارەوانی سلێمانی لە 9 ی تشرینی دووەمی ساڵی 2020، زەوییەکی بە ڕوبەری 4 هەزار و 690 مەتری دووجا وەرگرت لە سەر شەقامی شەست مەتری شاری سلێمانی بەرامبەر گەڕەکی توی مەلیک. بە مەبەستی درووستکردنی ڕیستۆرانت و کافێیەک بە ناوی لۆنا، بەڵام کوڕەکەی وەزیری پێشمەرگە وەک وەبەرهێنەر لە ٦ی ئەیلولی ۲۰۲۲ داوایەکی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی کرد و داوایکرد لە سەر زەوی ژمارە ۳۹ی کەرتی یەکی مەڵکەندی دوو باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە ناو زەوییەکە درووست بکات.
لە ۱۷ی مانگی یەکی ئەمساڵ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی کە مۆڵەتی ژمارە ۱۱۰۰ی داوەتە کوڕی وەزیری پێشمەرگە بە مەبەستی درووستکردنی ڕێستۆرانت وەک سێکتەری گەشتیاری داواکەی بە مەبەستی گۆڕینی ڕەگەزی پڕۆژەکە لە گەشتیارییەوە بۆ نیشتەجێبوون ڕەتکردەوە، بەڵام دوای ڕەتکردنەوەی داواکەی لە ئێستادا کار لەسەر زەوییەکە دەکرێت بۆ درووستکردنی دوو تاوەری نیشتەجێبوون.
دوو تاوەرەکە بە ناوی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی کەڵینان تاوەرز ڕێکلامی بۆ دەکرێت و بە پێدانی پێشەکی دەستکراوە بە فرۆشتنی یەکەکانی هەردوو تاوەرەکە.
دوو تاوەرەکە بەناوی ئەڵماسی کەڵینان ناونراوە کە ئەڵماسێکە لە کانەکانی ئەفریقای باشور دۆزراوەتەوە و تاجی شاهانەی بەریتانیای پێنەخشێنراوە.
بە گوێرەی خەمڵاندنی نوسینگەکانی خانووبەرە، نرخی زەوییەکە زیاتر لە 14 ملیۆن دۆلارە و بە بێ بەرامبەر دراوەتە کوڕی وەزیری پێشمەرگە، بە بێ ئەوەی پێشینەی لە کاری وەبەرهێناندا هەبێت.