بۆ دەچیتە داڤۆس؟!

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێک لە کەسە نزیکەکانی خۆی سەردانی سویسرای کردووە و بەشداری لە کۆڕبەندی ئابوری جیهانی ناسراو بە داڤۆس دەکات.

چاودێرانی سیاسی ڕایانگەیاندووە کە مەسرور بارزانی لەم سەردانەدا نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار خەرجیی دەبێت و ئامانجەکەشی ئەوەیە کە خۆی بە ئەم و ئەو بەرپرسی وڵاتان بناسێنێت و بانگەشەی ئەوە بکات خاوەن دیپلۆماسییە و لە بەرامبەر ئەم هەموو کێشە و قەیرانە ناوخۆییەی کوردستان بە دەسکەوتی ناو ببات.

پرسیارەکەمان ئەوەیە کە مەسرور بارزانی دەیەوێت چی لە داڤۆس بڵێت؟ لە کاتی کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکانی لە گەڵ بەرپرسانی وڵاتانی جیهان چۆن پێناسەی کوردستان دەکات؟

ئایا دەڵێت لە کوردستاندا مووچەخۆران مووچەگرتنیان لەبیر چووەتەوە و چەندین مانگە دینارێکیان پێنەدراوە؟

ئایا دەڵێت لە بەشێکی کوردستاندا پاش تێپەڕبوونی چەندین مانگ هێشتا دەرگای خوێندنگەکان بە ڕووی خوێندکاراندا نەکراوەتەوە؟

ئایا دەڵێت کە لە کوردستاندا هێشتا هێزی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و میدیای نیشتمانی نییە و ئەوەی هەیە حیزبی و کەسییە؟

ئایا دەڵێت کە لە کوردستاندا هێشتا کارەبا چەند کاتژمێرێک هەیە و گەر موەلیدەکان نەبن ئەم خەڵکە پەنایەکیان نییە؟

ئایا دەڵێت کە لە کوردستاندا خەڵک تەنیا لە بەر ڕەخنەیەک دەستگیر دەکرێن و چەندین ساڵ زیندانیان بە سەردا دەسەپێندرێت؟

ئایا دەڵێت کە لە کوردستاندا چەندین ڕۆژنامەنووس بە هۆی هەواڵ و ڕاپۆرتەکانیان و ڕەخنەیان لە حیزبەکانی دەسەڵات تیرۆر کراون؟

ئایا دەڵێت کە لە کوردستاندا هێز و دەزگای هەواڵگری بێگانە هەموو شوێنێکی گرتووەتەوە؟

ئایا مەسرور بارزانی وا پێناسەی دەسەڵات و حکومەتەکەی بۆ بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان دەکات یان دەڵێت کە کوردستان شامی شەریفە و ناوچە ئازاد و پێشکەوتووەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە دوبەیی خستووەتە گیرفانییەوە؟