بۆ ئاگاداریی ڕیفراندۆمچییەکان
لێرەدا باس لە هەڵەبوونی بڕیاری بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم ناکەین. تەنیا باس لە خاڵە لاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە چۆن بەم دۆخەوە بارزانییەکان هەر ئێستاش باس و بانگەشەی ڕیفراندۆم دەکەن.
هەرێمی کوردستان لە سایەی حوکمی بنەماڵە و گەندەڵییەکی زۆردا خاوەنی لاوازترین ئابورییە و ساڵانێک هەناردەی ڕاستەوخۆی نەوت و هەبوونی داهاتە ناوخۆییەکان نەبووە هۆی دانانی بناغەی ئابورییەکی بەهێز کە بۆ پاشەڕۆژی ئەم خەڵکە بەکار بهێندرێت.
لەم هەرێمەدا کەرتی ئابوری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر دەبێت. کەرتی پیشەسازی و وەبەرهێنانی ناوخۆیی بوونی نییە، هەموو شتێک لە دەرەوە هاوردە دەکرێت وەک بڵێی کە ئەم هەرێمە لە بنەڕەتدا بۆ هاوردەکردنی کاڵا و بەرهەمەکان درووست کراوە.
لە هەرێمەکەی ڕیفراندۆمچییەکاندا مووچە بە فەرمانبەران و خانەنیشنەکان نادرێت، مووچەکانیان کەم کرایەوە و بەردەوام لێبڕینی هەیە و چەندین مانگ دوا دەکەوێت.
حکومەت بەم شکستە گەورەوە هەر ئێستاش هیچ پلانێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانی مووچە نییە و کێشەکەی خستووەتە ئەستۆی بەغدا و داوای پارە لە حکومەتی عێراق دەکات. هەر کاتیش حکومەتی عێراق ویستی دابەشکردنی ڕاستەوخۆی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی هەبووە، دەسەڵاتدارانی پارتی و بارزانییەکان بە ناوی مەترسی لە سەر قەوارەی هەرێم ڕێگرییان لەمە کردووە.
نە بودجە هەیە و نە مووچە، بەم وەرزەی سەرما لە نێو شەقام و کۆڵانەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستانیش شەڕی بەرمیلە نەوتەکانە و بە پارەیەکی زۆر تەنیا یەک بەرمیل نەوت بە خەڵک دەدرێت.
دۆخی کارەباش لەوپەڕی خەراپیدایە و لە هەندێک شاری وەک پایتەختەکەی هەرێمی کوردستان تەنیا 4 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بە خەڵک دەدرێت.
ئا بەم دۆخەوە و بەم پێشینە لاواز و شکستخواردووەوە بارزانییەکان ڕیفراندۆمیان کرد و هەر ئێستاش بانگەشەی بۆ دەکەن کە گوایە زۆربەی خەڵک پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە دەکەن.
نازانین ئەو خەڵکە کێیە کە پشتیوانی لە ڕیفراندۆم دەکەن؟ مووچەخۆرە بندیوارەکانی پارتی نەبێت کەس لە ڕووی هەڵنایەت بەم دۆخەوە باسی ڕیفراندۆم و جیابوونەوە لە عێراق بکات.