بۆچی گۆڕان بەردەوام نەبوو؟

ئەزانم ناونیشانەکە کەمێ ڕەقەو باشتربوو لەساڵیادی وەفاتی یەکێک لەڕێبەرەکانی شۆڕشی نوێ، نەرمتر بمنوسیبایە، بەڵام لێیگەڕێ با هەندێ ڕاستی تاڵ بدرکێنین.!

کاکە حەمە ناحەقی نەبوو وتی: کە نەوشیروان موستەفا مرد، ٢٥ کورسییەکەی لەگەڵ خۆی برد، مام جەلالیش مرد نیوەی کورسییەکانی برد.
کەواتە ئەمە بۆ سەرکردەی هەموو حزبەکان ڕاستە لەدوای خۆیان بەهەرهۆکارێک بێت حزبەکانیان نزیک دەبنەوە لەمەرگ.
چونکە هێشتا ئێمە و کۆمەڵگاکەمان، سەرسامی کاریزماین و کار بەدامەزراوە ناکەین، یانی هەر گرنگ نییە دامەزراوە، و تاکو سایەو سێبەری سەرۆک مابێ، ئیدی هەموو شتێک باش و خۆش دەبێت، ئەمە هەم باشە هەم خراپە.
هەرئەمەش وایکرد لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا کە نەوشیروان موستەفا وەفاتی کرد، لەساتی ناشتنەکەیدا، ئەمینداری یەکگرتوو وتی: هیوادارین گۆڕان بەردەوام بێت، بەڵام بەردەوام بوو؟!
بەداخەوە، نەخێر و ئەوەی ئێستاش ماوە چەند گەنجێکی دڵپاک و دڵگەرمن کەناتوانن وەفایان نەبێ بۆ ڕێبەرەکەیان و لەلایەکی دیکە هەندێ بەتەمەنی خانەنشین، و ڕۆژانە خەڵکانێکی دیکەش لەگردەکە و خوارگردەکە بەناوی گۆڕانەوە دەوامێکی ئیداری و ئیش دەکەن.
گەرنا شتێک نەماوە بەناوی “بزووتنەوەی جەماوەری گۆڕان” و پێش چوونە حکومەت لەڕۆژی ناشتنی دامەزرێنەرەکەی بزووتنەوەکەش بەئیحترامەوە نێژراو و ئاڵا نیلییەکەش بەدارو دیوارەوە لێکرانەوەو هەرکەس ڕۆشتەوە ماڵی خۆی و هەندێکیان بوونەوه یەکێتی و هەندێکیش پارتی و هەندێکیش تائێستا بەناوی نەوشیروان موستەفاو گۆڕانەوە نان و پیاز دەخۆن و پێیان عەیبە بەلای گردەکەشدا بڕۆن..!
لە نووسینی ڕەزوان زەڵمی