بوەستە سەحە کوردە

ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان پلە و پۆستیان بە دەست هێناوە، لە بەر شیاوبوونیان نەبووە، بەڵکوو بە هۆی گوێڕایەڵی، ملکەچبوون، کۆیلەبوون و ماستاوچییەتی بۆ پارتی و یەکێتی و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان بووە.

پێشەوا هەورامانی نموونەی یەک لەو کەسانەیە کە بە هۆی کۆیلەبوونی خۆی و بنەماڵەکەی لای بارزانییەکان گەیشتە پەیامنێریی ڕووداو و ئەندامێتی پەرلەمان و ئێستاش یەکێک لە دەبڵ وتەبێژەکانی حکومەتە خۆڕاگرەکەی هەرێمی کوردستانە.

لەو ڕۆژەوە کە ئەم کەسە بووەتە وتەبێژی حکومەت، ئیش و کاری تەنیا ڕەخنەگرتنە لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و هێرشکردنە سەر بەغدا و بەرگریکردن لە مەسرور بارزانییە. ئەمە ناسنامەی پێشەوا هەورامانییە کە بە سەعید سەحافی کوردی یان هەمان سەحە کوردە ناوی دەرکردووە.

هەمووان دەزانن کە نامەکەی مەسرور بارزانی بۆ جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا چ ئابڕوچوونێکی سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی بوو. نامەیەکی پڕ لە پاڕانەوە کە بە هەموو شێوەیەک دانی بە شکستی خۆی و بنەماڵەکەی و حکومەتی هەرێمدا ناوە.

هەمووان دەزانن کە نێچیرڤان بارزانی چی بە هەر دوو باڵیۆزی ئێران و ئەمریکا وتووە و پاش سەردانی باڵیۆزانی هەر دوو وڵاتە نەیارەکە لە عێراق چۆن حکومەتی بەغدا ڕەزامەندی بۆ دانوستان لە گەڵ مەسرور بارزانی دەربڕی.

هەمووان دەزانن کە چۆن پارتی و بنەماڵەی بارزانی بە ناچاری لە دەرگای قەیس خزعەلی و فالح فەیازی سەرۆکی حەشدی شەعبییان دایەوە و بۆ وەرگرتنی پارە دەپاڕانەوە.

خەڵک هەموو ڕاستییەکان دەزانن، ئاگایان لە هەموو شکست و ئاشبەتاڵەکانە، دەزانن کە حکومەتی بارزانییەکان هیچی لێ سەوز نابێت، تەنانەت ئەگەر دەیان ساڵی دیکە لە سەر حوکم بێت هیچ دەسکەوت و پێشکەوتنێکی ستراتیژیی نابێت.

سەیری حکومەتەکەش بکەن. دۆسیەی نەوتی دۆڕاندووە و هەناردەی نەوت نەماوە و سۆمۆ بڕیاربەدەستی نەوتی هەرێمە. عێراق بە ستراتیژی ئێران سنورەکانی هەرێمی کوردستانی کۆنتڕۆڵ کردەوە. کە واتە حکومەتی هەرێم ڕۆڵی دابەشکردنی مووچە و تێپەڕاندنی کاروباری ناوخۆیی بۆ ماوەتەوە و لە داهاتووشدا پەیوەندییەکانی دەرەوەشی لێ وەردەگیرێتەوە و ئەگەر بەغدا خێرێک بە هەرێمی کوردستان بکات ئەوەیە کە نوێنەرایەتییەکانی هەرێم لە وڵاتانی دەرەوە لە ژوورێکی باڵیۆزخانەکانی عێراقدا بمێننەوە.

بەم حاڵەوە و بەم ئاشکرابوونی ڕاستییەکانەوە پێویست ناکات ماستاوچییەک بە ناوی پێشەوا هەورامانی بۆ مانەوەی لە پۆستەکەیدا خەڵک چەواشە بکات و بیەوێت مەسرور بارزانی وەک پاڵەوانێک باس بکات و ئەم ملکەچی و پاڕانەوەی بەغدا بە دەسکەوتێکی مێژوویی ناو ببات.

سەحە کوردە دەبێت ئەوە بزانێت کە خەڵکی کوردستان پێیان باشترە بودجە و مووچەی کوردستان لە لایەن بەغداوە دابەش بکرێت و ئەوەش پلانێکە کە لە داهاتوودا لە سەر خواستی خەڵک جێبەجێ دەکرێت و حکومەتە خۆڕاگرەکە هیچی بە دەستەوە نامێنێت و هەر پێویستی بە وتەبێژیش نامێنێت و ڕۆڵی ئیدارەیەکی خۆجێی بێ دەسەڵات دەگێڕێت.