بزوتنەوەیەک بە تامی دۆڕان

گۆڕان، ئەو بزوتنەوەی کە بە درووشمی گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستان دامەزرا، ئێستا لە بارودۆخێکدایە کە کەس نایەوێت سەرکردایەتییەکەی بگرێتە ئەستۆ.

بزوتنەوەی گۆڕان کە لە سەردەمی نەوشیروان مستەفادا دەنگی گۆڕانکاریی بەرز کردەوە و درووشمی دەیگۆڕین سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیانی گرتبووە (گۆڕانیش وەک حیزبەکانی دیکە لە هەولێر و دهۆک هیچی پێنەکرا) ئێستا وا تووشی شکست و داڕمان بووە کە تەنانەت لە ناوخۆی بزوتنەوەکەش کەس نایەوێت ببێتە ڕێکخەری گشتی و جڵەوی ئەم بزوتنەوەیە بگرێتە دەست.

هۆکارەکەشی ئەوەیە کە چەند بەرەیی لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هاوار دەکات، تاقمێک مەیلی بە لای پارتی و بارزانییەکانەوەیە، بەشێکی دەیانەوێت لە گەڵ یەکێتی یەکبگرنەوە، بەشێکی خۆیان بە ڕزگارکەر دەزانن و هەر ئێستاش دەڵێن دەیگۆڕین.

گۆڕان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق لە ساڵی 2021 تەنانەت یەک کورسیشی نەهێنا و ئێستا ترسی دووبارەکردنەوەی ئەم شکستە وای لە سەرکردەکانی کردووە کەسیان نەوێرێت لە پۆستی ڕێکخەری گشتی نزیک ببێتەوە.

حیزبێک ئەمە حاڵی بێت و نە دەنگدەری مابێت و نە کورسی پەرلەمانیی هەبێت، تەنانەت لە ناوخۆوە چەندین بەرەی جیاوازی تێدایە، کەی دەتوانێت ڕاست ببێتەوە؟ هەموو هەوڵێکی ناوخۆییش بۆ ئاشتەوایی ناوخۆیی و گەڕاندنەوەی سەرکردە ناڕازی و تۆراوەکانی تووشی شکست بووە.

ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بکرێت گۆڕان هەموو هێزێکی بەکار بێنێت چەند کورسییەک بە دەست بێنێت، ڕەنگە ئەمەش نەبێت و سفر کورسی تووشی ببێتەوە، جا بوونی ئەم بزوتنەوەیە یان حیزبە سیاسییە چ سوودێکی بۆ کوردستان دەبێت. بوون و نەبوونی گۆڕان یەک واتای هەیە، وەک چۆن کە ساڵح ژاژڵەیی لە سەرکردەکانی پێشووی ڕایگەیاندووە بزوتنەوەی گۆڕان مردووە و تەنیا ڕاگەیاندنەکەی ماوە.