بزانە لە پەرلەمانی کوردستان چی ڕوویداوە؟
لە دوایین خولەکدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان 190 ملیۆن دینار نەسریەی مانگی ئایاریان بردووە.
هەرچەندە بە هۆی بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە، ماوەی 7 مانگە کۆتایی بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان هاتووە بەڵام دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان دوایین نەسریە و مینحەیان وەرگرتووە.
ڕێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی یەک شەممە 2 ی تەمموز چووە باڵەخانەی پەرلەمان و بۆ دواجار ماڵئاوایی لە فراکسیۆنەکان و فەرمانبەرانی پەرلەمان کرد.
هەرچەندە بە پێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، دەبێت پەرلەمانتاران و دەستەی سەرۆکایەتی سەرجەم مووچە و نەسرییەی شەش مانگی ڕابردوو بۆ پەرلەمان بگەڕێننەوە، بەڵام دەستەی سەرۆکایەتی و زۆربەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان جگە لە مووچەکانیان، نەسرییە و مینحەی مانگی ئایاریشیان وەرگرتووە.
ڕێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمان 90 ملیۆن دینار، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان 60 ملیۆن دینار و مونا قەهوەچی سکرتێری پەرلەمان 40 ملیۆن دیناریان بردووە.
ڕۆژی یەک شەممە 2 ی تەمموزی 2023، سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، بە مەبەستی خانەنشینکردنی پەرلەمانتاران نووسراوی فەرمیی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم کرد، بەمەش خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە پشت بەستن بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کۆتایی هات و هەرێمی کوردستان تا هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بێ پەرلەمان دەبێت و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمیش بوونەتە کاربەڕێکەر.