بریکارە بێ دەسەڵاتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق
بریکارە بێ دەسەڵاتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق لە بەر بێ ئیشی، لەم ڕۆژانەدا دەیەوێت خۆی بە خەڵک بناسێنێت و بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناردنی 700 ملیار دینارەکە وا نیشان بدات کە کەسێکی بەدەسەڵاتە و کاربەدەستە لە بەغدا.
تەنانەت پارتییەکانیش دانیان بەوەدا ناوە کە بوونی مەسعود حەیدەر یان مەسعود کۆیلە لە بەغدا لە بەر ڕازیکردنی دڵی پارتی بووە و هیچ دەسەڵات و بڕیاردانێکی نییە.
کورد ئەم پۆستانەی لە بەغدا بۆ چییە؟ بوونی دەیان کەسی وەک مەسعود کۆیلە و عێزەت سابیر و ئەم و ئەو چ سوودێکی بۆ کورد هەبووە؟ ئەم هەموو بەرپرسە نابەرپرسەی کورد کە لە بەغدان ئایا هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان هەڵگرتووە؟
بە ڕاست ئەگەر بەرپرسانی کورد بە سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوە تا دەگاتە وەزیر و بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەم و ئەو، تۆزقاڵە دەسەڵاتێکیان دەبوو، ئەم کێشە و گرفتانە چارەسەر نەدەبوون؟
ڕاستییەکە ئەوەیە کە کورد لە بەغدا مامەڵەی حزبی دەکات و دەستنیشانکردنی بەرپرسەکانیش لە بەغدا لە سەر بەرژەوەندی حزب و شەخس بووە و بەرژەوەندی گشتی لای ئەوان هیچ واتایەکی نییە.