براگەورەیەک کە کەس نایەوێت

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن پارتییەکانی سەر بە بنەماڵەی مەسعود بارزانی بە براگەورە دەناسرێت بەڵام ئەم براگەورە کەس نایەوێت و هەمووان نزای ئەوە دەکەن حکومەتەکەی لە نزیکترین کاتدا کۆتایی بێت.

مەسرور بارزانی کە پێشتر سەرۆکی دەزگای هەواڵگری پارتی دیمۆکراتی کوردستان بووە، ساڵی 2019 بووە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان. بوونی مەسرور بارزانی بە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی ململانێ و کێشە ناوخۆییەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بووە، کاتێک مەسعود بارزانی کودەتای بە سەر نێچیرڤان بارزانیدا کرد و مەسروری کوڕی کردە باڵادەست و بڕیاربەدەستی هەریمی کوردستان.

مەسرور بارزانی بە هەمان سیاسەت و تێڕوانینی ئەمنی لە دەزگای هەواڵگری پاراستن و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە هاتە حکومەت و بووە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان. بە واتایەکی تر، پاراستن باڵی بە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کێشا و مەسرور بارزانی هیج گرنگییەکی بە لایەنە سیاسییەکانی دیکە نەداوە و تەنانەت یەکێتی و گۆڕانیش کە بوونە ئامرازی پێکهێنانی کابینەکەی، لەم حکومەتەدا پشتگوێ خراون و وەزیرەکانیان بە تەواوی وەزیری کارتۆنی و بێ دەسەڵات بوون.

بە هۆی ئەو هەموو کێشە و قەیرانانەوە، بە تایبەت مووچە و قەیرانی دارایی، خەڵکیش بە گشتی نایانەوێت مەسرور بارزانی جاری دووەم ببێتەوە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان. جگە لەمەش هیج لایەنێکی سیاسی بە تایبەت یەکێتی خوازیاری مانەوەی مەسرور بارزانی لە پۆستەکەیدا نییە.

بەم حاڵەوە دەتوانین بڵێین کە مەسرور بارزانی پەراوێزکەوتووترین کەسە لە هەرێمی کوردستان و خەڵک و لایەنە سیاسییەکان زۆر دەمێکە لە ئاستی سیاسی و جەماوەریدا ئەویان بە لاوە ناوە.