بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنەکان لە لایەن مەسعود بارزانییەوە

ئەگەرچی 25 شوبات ی 2024 لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دیاری کراوە بەڵام هێشتا دیار نییە یەکێتی بەو پرۆسەیە ڕازی دەبێت یان نە، بەم حاڵەشەوە سەرۆکی پارتی لە دهۆکەوە هەڵمەتی بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنەکانی دەستپێکردووە.

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان چەند ڕۆژێکە سەردانی پارێزگای دهۆکی کردووە و لە گەڵ چین و توێژەکانی خەڵک و بەرپرسان و پلەدارانی سەربازی کۆبووە.

هەڵمەتەکەی بارزانی وەک بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بۆ پارتی و لە پێناو دووبارە دەستنیشانکردنەوەی مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دادەنرێت.

بانگەشەکەی مەسعود بارزانی لە کاتێکدایە کە ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە دەسەڵاتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە ناوچەی بادینانەوە پەرەی سەندووە و ئەدهەم بارزانی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی و ئامۆزای مەسعود بارزانی ڕەوتێکی نوێی سیاسیی بە ناوی هێڵی سێهەم بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە حکومڕانی هەرێمی کوردستان دامەزراندووە، هەرچەندە پارتی بەو بۆنەوە ڕێگریی لێدەکات بۆ زێدی خۆی بگەڕێتەوە.