بافڵ تاڵەبانی گیرفانی یەکێتی لە پارتی جیا دەکاتەوە

سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە تەواوی یارییەکەی لە مەسرور بارزانی تێکداوە. کێڵگەی غازی کۆرمۆر ئابوریی سلێمانی دەبوژێنێتەوە و پارتیش چاوەڕوانی تێکچوونی دۆخی عێراقە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت یان نە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە تەواوی لە پارتی و حکومەتەکەی بێهیوا بووە و نایەوێت چیتر بۆ بوژانەوەی ئابوریی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی چاوی لە دەستی پارتی و بڕیاری مەسرور بارزانی بێت.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەغدا سەرقاڵی وتووێژی واژۆکردنی ڕێکەوتنێکی ستراتیژین کە ئەگەر بگاتە ئەنجامی کۆتایی، مووچەخۆرانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە چیتر چاوەڕوانی هەواڵی بەپەلە و بڵاوبوونەوەی خشتەی دابەشکردنی مووچە نابن.

پارتی بە تەواوی لە دۆسیەی ئابوری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت شکستی هێناوە و دەست و قاچی حکومەتەکەشی بە کۆت و زنجیری قەرزی زەبەلاح و مەرجی قورسی کۆمپانیاکانەوە بەسراوەتەوە،نە دەتوانێت مەرجەکانی بەغدا جێبەجێ بکات و بودجەی خۆی وەربگرێت و نە دەتوانێت وەک جاران نەوتەکەی بفرۆشێت و هەر لە ڕێوە لە سەدا 60 ی داهاتەکەی بە ناوی قەرز و حەقدەستی کۆمپانیاکانەوە لە ناو بردووە.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە گەڵ حکومەتی عێراق سەرقاڵی دانوستانە لە بەرامبەر وەرگرتنی 500 ملیار دیناری مانگانەی مووچەی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە، بۆری غازی شل بۆ وێستگەکانی کارەبای کەرکوک و چەند ناوچەیەکی دیکە لە کۆرمۆرەوە ڕابکێشێت.

ماوەیەکە لێکتێگەیشتن دروستبووە بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەنجامی کۆتایی و پێدەچێت پاش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق یان پەرلەمانی کوردستان، بە یەکجاری یەکێتی و بەغدا بگەنە ڕێکەوتن.

لەو ڕێکەوتنەدا بەغدا داوایکردووە کە بۆری لە کێڵگەی غازی کۆرمۆرەوە بۆ چەند وێستگەیەکی کارەبا ڕابکێشێت. یەکێتی و خودی بافڵ تاڵەبانی پێشنیارەکەیان پێباشە و داوایانکردووە کە بەغدا مانگانە بە بڕی 500 ملیار دینار ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەم حیزبە پارەدار بکات بۆ دابەشکردنی مووچە.

ئەوەی هەر دوو لا تا ئێستا پێیگەیشتوون، ئەوەیە کە بەغدا چووەتە ژێرباری خەرجکردنی 350 ملیار دیناری مانگانە و ئەوەی بووەتە کێشە، ئەوەیە کە بەغدا ڕەزامەندی لە سەر ئەو 150 ملیار دینارەکەش دەرببڕێت.

یەکێتی بە بەغدای ڕاگەیاندووە کە ئەو 150 ملیار دینارە بۆ بودجەی بەکارهێنانی کێڵگەکانە و ئەو 350 ملیار دینارەکەش بودجەی ئیداری زۆنی سەوزە بۆ مووچە و خزمەتگوزاری. دەوترێت ئەو گرفتەش نەماوە و چارەسەر کراوە و حکومەتی عێراق بە جۆرێک ڕەزامەندی دەربڕیوە و ڕێکەوتنەکە بۆ پاش هەڵبژاردنەکان دواخراوە.

لە ئێستادا ڕێکەوتنی ڕاکێشانی بۆرییەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و پارتی و حکومەتەکەی مەسرور بارزانیش و ڕایانگەیاند کە بە بێ ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم بۆی نییە غازی کۆرمۆر بۆ هیچ شوێنێک ببات. بەڵام یەکێتی و بە تایبەت بافڵ تاڵەبانی بڕیاری خۆیانداوە و بۆ بودجە و مووچەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان چاوەڕێی مەسرور بارزانی ناکەن.

یەکێتی پێی وایە کە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم لە لایەن مەسرور بارزانییەوە سەرکردایەتی دەکرێت و نایەوێت کێشەکانی چوار ساڵی ڕابردووی بۆ دووبارە ببێتەوە و بە زمانێکی سادە پێی دەڵێت برامان برایی و کیسەمان جیایی.