بافڵ تاڵەبانی و ئەدهەم بارزانی داوای گۆڕانکاری لە حکومڕانی هەرێمی کوردستان دەکەن

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی و لە ماڵەكەی خۆی سەردانی ئەدهەم بارزانی كرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوێک، لە دیدارەكەدا دۆخی هەرێمی كوردستان و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تاوتوێكران و دووپات لە سەرخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان كرایەوە بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی گۆڕانكاری لە پڕۆسەی حوكمڕانی و زیاتر خزمەتكردنی هاونیشتمانییان.

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دوایین پێشهات و هەنگاوەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد رایگەیاند، پێویستە هەموو ئەو هێز و لایەنانەی پەرۆشی سەرخستنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان و هێنانەكایەی حوكمڕانییەكی تەندروستن، دژی دواخستنی هەڵبژاردن و دروستكردنی بەربەست لەبەردەم ئەو پڕۆسە گرنگ و دیموكراسییەدا بوەستنەوە.

لە درێژەی دیدارەكەدا گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوولا و یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان بەئامانجی كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان و پاراستنی مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد لەچوارچێوەی حكومەتی فیدراڵ جەختیلێكرایەوە.