باسی کام پێشکەوتنی هەولێر دەکەن؟

بەرپرسە گەمژە و بێ ئەزموونەکانی پارتی و حکومەتە شکستخواردووەکەی هەرێمی کوردستان لە پاش هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر بەردەوام لە سەر زمان و بن زمانیان ئەوە دێتە دەرەوە کە ئێران چاوی بە پێشکەوتنەکانی هەولێردا هەڵنایەت.

باشە با پرسیار بکەین کام پێشکەوتنی هەولێرە کە ئێران چاوی دیتنی نەبێت؟

پەروەردەکەتان زۆر پێشکەوتووە کە دواڕۆژتانی پێ دەوڵەمەند بکەن؟

ئاو و ئاوەڕۆکەی هەولێرەکەتان زۆر پێشکەوتووە؟ بە هاویندا ئاوتان نییە و بە بەهار و پایزدا لافاو بووەتە دوژمنتان؟

کارەباکەتان باشە؟ بە هاوین و زستاندا کارەباتان نییە و گەر موەلیدەکان نەبن کەس نازانێت چی لە خەڵکەکەی ژێر دەستتان دێت؟

کەرتی تەندرووستیتان زۆر پێشکەوتووە؟ خۆ ئەگەر نەخۆشخانەکان و نرخی هەرزانی دەرمان و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی ئێران نەبێت ئەو خەڵکەتان ڕوو لە کوێ بکەن؟

نەوت و غاز هەناردە دەکەن کە ئێران لە پاشەڕۆژی ئابوریتان بترسێت؟

ئەرێ بە ڕاست ئێوە خاوەنی چەکی ئەتۆمن یان فڕۆکەی شەڕکەرتان هەیە تا ئێران لێتان بترسێت؟

دەیان ساڵە حکومڕانی هەرێمی کوردستانن، کارەبای چەند گەڕەکێکتان پێ دابین نەکراوە. ئێوە چین و کامە دەسکەوتتان؟ واز لەم قسە قۆڕانە بێنن کە خەڵک باشترتان دەناسن، سەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بدەن خەڵک چی بە بەژن و باڵای پارتیتاندا دەڵێن.