بارزانی و مونا پارتیچی دڵخۆش نەبن، کورسی کۆتاکان ناگەڕێتەوە

ئایدن مەعروف کە لە سەر پشکی تورکمانەکان وەزیری کابینەکەی مەسرور بارزانییە، ڕایگەیاندووە کە کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان دەگەڕێتەوە، ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستانیش پێی ڕاگەیاندووە کە دڵخۆش نەبێت و شتی وا ڕوو نادات.

عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی ڕایگەیاندووە کە نەمانی کورسی کۆتاکان غەدر نییە و دادپەروەرییە، زوڵمێک بووە کە لە دەنگدەری کورد دەکرا.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە کەسێک بە 194 دەنگ بووە ئەندامی پەرلەمان بەڵام کورد هەبووە بە 15 هەزار دەنگ ئەو دەرفەتەی پێنەدراوە.

ڕاشیگەیاندووە کە کەسانی وەک مونا قەهوەچی کورسییەکانیان لە خزمەتی پارتیدا بووە و هیچ کات بە دوو وشە بەرگرییان لە مافی تورکمان نەکردووە.

عەلی حەمەساڵح ڕایگەیاندووە کە نەمانی کورسی کۆتاکان بە واتای دژایەتیکردنی ئەوان نییە بەڵکوو هەوڵێکە بۆ بەدیهاتنی یەکسانی.