بارزانییەکان چاوەڕێی ڕەوتی هێڵی سێهەم بن

ڕەوتە سیاسییەکەی ئەدهەم بارزانی بە ناوی هێڵی سێهەم، پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بارزانییەکانی ڕوبەڕوی کێشە کردووەتەوە و ئەنجامی ئەم بارودۆخەش لە داهاتوودا زیاتر ئاشکرا دەبێت.

ئەگەر تا دوێنێ نەیارەکانی پارتی و ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان لە سلێمانییەوە ڕوبەڕوی پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەبوونەوە و بە هۆی پەرتەوازەیی لایەنەکان و هەروەها بەهێزبوونی پارتی لە ڕووی دارایی و سەربازی و ئەمنییەوە بەرەوپێشچوونیان نەبووە، ئێستا لە ناوخۆی بارزان و لە بنەماڵەکەی سەرۆکی پارتی، نەیارێکی بەهێز هاتووەتە گۆڕەپانی سیاسییەوە و داوای گۆڕانکاری لە حکومڕانی کوردی دەکات.

وتەبێژی ڕەوتی سیاسی هێڵی سێهەم کە سەر بە ئەدهەم بارزانییە، ڕایگەیاندووە کە لە ناوچەی بادینان ڕێکخستنی سیاسییان دەبێت و چەقی کارەکانیش دەهێننە سلێمانی و کەرکوک.

وریا سەعید ڕواندزی ڕایگەیاندووە هەوڵ دەدرێت داواخوازییەکانی گەلی کورد لە ڕەوتی هێڵی سێهەمدا شوێن بکرێتەوە بەڵام هێشتا بڕیار لە سەر بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان نەدراوە.