بارزانییەکان و قەیرانی بێ متمانەیی خەڵک

هەرێمی کوردستان یان دەسەڵاتی بارزانییەکان تووشی قەیرانی بێ متمانەیی خەڵک بووە، ئەمەش لە گەڵ قەیرانی سیاسی و دارایی گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار.

حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەزموونی حکومڕانی کوردییە، ساڵانێکە ڕووبەڕووی لە دەستدانی متمانەی خەڵک بووەتەوە، بە جۆرێک هەموو دامودەزگاکانی کەوتوونەتە بەر کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە، نەبوونی متمانەش بۆ ئەزموونی خەراپی حکومڕانی لای بارزانییەکان دەگەڕێتەوە.

ئاستی متمانەی خەڵک بە بارزانییەکان و پارتی دیمۆکراتی کوردستان زۆر لاواز بووە، بە پێی هەندێک ڕاپرسی، تەنیا لە سەدا 7 ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان متمانەیان بە حکومەتەکەی بارزانی هەیە و لە سەدا 93 ی ئەوان متمانەیان بە حکومەتی هەرێم و سیاسەتمەدارەکانی نییە.

ئەم بێ متمانەییەی خەڵک دەرەنجامی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتەکەی بارزانییەکانە لە بوارەکانی دارایی، تەندرووستی، پەروەردە، کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی دیکە.

بەکارهێنانی هێزە سەربازییەکان و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی کوردستان لە پێناو ئامانج و مەرامی شەخسی و حیزبی وایکردووە کە خەڵک نەک تەنیا متمانەیان بەم حکومەتە نەبێت، بەڵکوو دژایەتییەکی توندیشی بکەن.

بە گشتی متمانەی سیاسی لای کۆمەڵگەی کوردی لە هەرێمی کوردستان بە دامودەزگاکانی حکومڕانی زۆر لاواز بووە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ خەراپ ئیدارەدان لە هەرێمی کوردستان کە بە گەندەڵی بەربڵاو، نەبوونی شەفافییەت و نەبوونی ئازادی ناوبانگی دەرکردووە.