بارزانییەکان شەڕی چی بە سلێمانی دەفرۆشن؟

دوژمنایەتی تورکیا لە گەڵ سلێمانی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ سیاسەتەکانی پارتی و بارزانییەکان دەگەڕێتەوە. ئەوان خۆیان توانای ڕوبەڕوبونەوەی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانییان نییە و بە سیناریۆ و پیلانگێڕی، تورکیایان هێناوەتە گۆڕەپانی ڕوبەڕوبونەوەکە.

لە یەک ساڵی ڕابردوو دوژمنایەتییەکانی تورکیا لە گەڵ سلێمانی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان زیاتر بووە. ناوچە جیاجیاکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی لە لایەن فڕۆکە و درۆنی تورکیاوە بۆردومان دەکرێن. ئەنکەرە سزای بە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا سەپاندووە. هەر دوو فڕۆکەخانەی سلێمانی و عەربەت لە لایەن ئەو وڵاتەوە بۆردومان کراون. بە دەیان کردەوەی تیرۆریستی لە سنوری دەسەڵاتی یەکێتی لە لایەن تورکیاوە ئەنجام دراون.

خەڵک مافی ئەوەی هەیە پرسیار بکات کە هۆکاری ئەم دۆخە چییە؟ تورکیا چی لە یەکێتی و سلێمانی دەوێت؟

سلێمانی بەراورد بە هەولێر و دهۆک خاوەن ئازادییەکی زیاترە و ئەوانەی بە هۆی سیاسەتی ئەمنی و گرتن و ڕفاندنی پارتی و بنەماڵەی بارزانییەوە ناتوانن لەو دوو پارێزگایە بمێننەوە، دێنە سلێمانی و لەوپەڕی ئارامیدا دەژین بەڵام ئەگەر سیخوڕەکانی پارتی و پیاوکوژەکانی ئەو حیزبە موڵەتی بەردەوامیدان بە ژیان بەوان بدەن.

سلێمانی و خەڵکەکەی ئەوەیان سەلماندووە کە ملکەچی زۆر و زوڵم نابن. ئەوان لەم ساڵانەدا دژی داگیرکاریی تورکیا بەردەوام هەڵوێستیان هەبووە. هەڵوێستەکەی ئەوان نەک تەنیا دژی تورکیا بەڵکوو دژی خۆبەدەستەوەدانی پارتی و بارزانییەکان لە بەرامبەر تورکیا و ئەردۆغانیش بووە.

لە دوو ساڵی ڕابردوو بافڵ تاڵەبانی سەرئێشەیەکی گەورە بۆ بنەماڵەی بارزانی و پارتی بووە و ئەوەی سەلماندووە کە کاتی ئەوە بەسەرچووە یەکێتی ملکەچی بڕیارەکانی مەسعود بارزانی و پارتی بێت. بافڵ تاڵەبانی پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی لە بەغدا بەهێز کردووە و وەک ڕابردوو نییە کە کورد تەنیا بە بارزانی و پارتییەوە لە بەغدا پێناسە بکرێت.

بارزانی و پارتی ئەوە دەزانن کە ئەگەر هەڵبژاردنیش بکرێت یەکێتی بە ئاسانی بە دەستنیشانکردنەوەی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکی حکومەت ڕازی نابێت. بارزانی ئەوەش دەزانێت کە تا بافڵ تاڵەبانی هەبێت پرۆژەی پێدانی غازی چەمچەماڵ بە تورکیا و هەرزانفرۆشکردنی وەک نەوتەکە سەر ناگرێت، هەر بۆیە پەنای بۆ ئەردۆغان و هاکان فیدان بردووە کە دۆخی سلێمانی ئاڵۆز بکەن.

ئێستا تورکیا هەڕەشە لە بافڵ تاڵەبانی و سلێمانی دەکات. ئەم هەڕەشەیە پیلانێکی پارتی و ماڵی بارزانییە. ئەوان تۆڕێکی سیخوڕییان لە سلێمانی و ناوچەکانی ژێر دەستی یەکێتی خستووەتە چالاکی بۆ خزمەتکردنی تورکیا و دژایەتی کورد و کوردستان. ئامانجەکەش ڕوونە، جگە لە دژایەتی پەکەکە، دەیانەوێت بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی بە ناردنی غازی کوردستان بۆ تورکیا ڕازی بکەن، بەڵام بەغدا لە پێگەیەکدایە کە هیچ کات موڵەتی ئەوە نادات خەونەکەی ئەنکەرە و هەولێر سەر بگرێت.