بارزانییەکان، عێراقییەکی عەیار 24

مەسعود بارزانی و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی لە ساڵی 2017 و بە ڕیفراندۆمی جیابوونەوە لە عێراق، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بەم وڵاتەوە نەماوە و تەنیا دەتوانن دوو دراوسێی باش بۆ یەکتر بن. ئەوەی ئێستا دەبینرێت بارزانییەکان خۆیان لە هەمووان عێراقیترن.

بەرپرسی پێشووی ڕاگەیاندنی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە کەرکوک لە ساڵیادی ڕیفراندۆمەکەی مەسعود بارزانیدا ڕایگەیاندووە کە گشتپرسییان بە خەڵک کرد بۆ جیابوونەوە لە عێراق بەڵام خۆیان بوونەتە عێراقییەکی پابەند و عەیار 24.

کاوێز مەلا پەروێز ڕەخنەی لە سەرکردایەتی پارتی گرتووە و ڕایگەیاندووە کە ئەوان ئامادەن بۆ پۆستێکی بەغدا نیوەی کورد بدەن بە دەم ئاوی ڕووباری دیجلەوە.

ڕاشیگەیاندووە کە هێشتا کفنی کەرنەڤاڵی گشتپرسی زەرد نەبووبوو کە باوەشیان بە پۆستەکانی بەغدا دا کردەوە و دیسانەوە بوون بە هاوپەیمانی عێراق و پابەندبوونی خۆیان بۆ ئەم وڵاتە دووپات کردەوە.

سەیری سیاسەت و لێدوانی بەرپرسانی باڵای پارتی لە ئەیلولی ساڵی 2017 و ئەیلولی 2023 دەکەین بەو ڕاستییە دەگەین کە ئەم حیزبە چۆن لە ڕووی هەڵدێت باسی خەڵک و مافەکانی کوردستان دەکات. ئەیلولی 2017 لە بیری هەموواندا ماوەتەوە کە چۆن عێراقیان تەڵاق دەدا و تەنانەت دەسەڵاتەکەی داعشیان هاوشانی حکومەتی عێراق بە دراوسێی خۆیان دەزانی.

بەڵام لە ئەیلولی 2023 ئەوەمان بینی کە بۆ سواڵە مووچە و لە بەر نەبوونی هیچ هێزێکی دارایی لە هەرێمی کوردستان، پارتی چۆن لە سەرکردە شێعەکان دەپاڕێتەوە تا بڕە پارەیەک بۆ حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بنێرن، ئەویش بە ئامانجی ئەوەی کە تەنیا بۆ ماوەیەک بەرگەی شەپۆلی توڕەبوونی خەڵک و جەماوەری کوردستان بگرێت.