بارزانییەکان، سەرکۆنەکردنی گوێچکەبڕاوەکەی ترەمپ و بێدەنگی لە بەرامبەر کوشتارەکەی غەزە
لە هەرێمی کوردستان، بارزانییەکان بە سەرۆکی پارتی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتەوە ئەگەر لە وڵاتانی ئەوروپی پاسکیلێک وەرگەرێت، ئەگەر بە چەقۆ هێرش بکرێتە سەر کەسێک، ئەگەر خوێن لە لوتی کەسێکی ئەوروپی و ئەمریکی بێت، دێنە سەر خەت و پەیام دەنێرن و دەڵێن بە توندی سەرکۆنەی دەکەین و خۆمان لە گەڵ ئەو وڵاتە و گەلەکەی و لێقەوماوەکە دەزانین.
بەڵام تورکیا ڕۆژانە بۆردومانی هەرێمی کوردستان دەکات، ماڵ و بژێوی و ژیانی خەڵک بە گشتی لە ناو دەبات، خەڵک دەکوژێت و برینداریان دەکات و بارزانییەکان فزەیان لێوە نایەت و دەنگێکیان لێ بەرز نابێتەوە.
لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا ئیسرائیل بە هەموو جۆرە چەکێکی پێشکەوتوو و قەدەغەکراو کۆمەڵکوژی خەڵکی فەلەستین لە غەزە دەکات بەڵام بارزانییەکان هیچ پەیام و هاوخەمییەک و سەرکۆنەکردنێکیان نەبووە.
بەڵام کە گوێچکەی ترەمپ لە سیناریۆیەکی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمریکادا دەبڕێت، بارزانییەکان تۆقیون و دەڵێن خۆمان بە هاوخەمی گەلی ئەمریکا دەزانین و دڵمان لای سەرۆک ترەمپە.
بۆ سەرکردەیەک عەیبەیەکی گەورەیە کە نەوێرێت لە بەر هۆکاری سیاسی باسی کوژران و برینداربوونی دەیان و ڕەنگە سەدان هەزار فەلەستینی بکات بەڵام بۆ گوێچکەبڕانەکەی ترەمپ شەممەی لێ شێوابێت و پەیامی لەو جۆرەیە بڵاو بکاتەوە.