بابۆ کۆتایی بە مەسرور بارزانی دەهێنێت

ئەگەرچی مەسرور بارزانی لە کۆنگرەی چواردەی پارتی وەک جێگری دووەم دەستنیشان کرا و وا باس دەکرا بە پەراوێزخستنی نێچیرڤان بارزانی هەموو دەسەڵاتەکانی پارتی بە دەستەوە دەگرێت، ئێستا مەلا مستەفا بارزانی ناسراو بە بابۆ عەرشی ناوبراوی هەژاندووە و هەموو دەسەڵاتەکانی پارتی و بارزانییەکانی بە دەستەوە گرتووە.

کۆتایی بە مەسرور بارزانی هاتووە و بڕیاری کۆتایی دراوە. هەموو هێزە چەکدارەکانی پارتی دەخرێنە ژێر فەرمانی بابۆوە. نهێنی نوێ ئاشکرا بووە و مستەفا مەسعود بارزانی ناسراو بە بابۆ، کوڕی بچووکی مەسعود بارزانی هەموو دەسەڵاتەکانی ناو پارتی و بارزانییەکان وەردەگرێت و شکست بە مەسرور بارزانی دێنێت.

بابۆ ئەو ناوەی کە لە سەرەتای ناونانییەوە وەک چۆن مەلا بانگ بە گوێی منداڵدا دەدات، بارزانی بە ناونانی پەیامی دایە بارزانییەکان کە دوای نەمانی خۆی بڕیار بە دەستی یەکەم لە ناو پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئەو دەبێت و دەبێتە شوێنگرەوەی.

بە فەرمانی مەسعود بارزانی هەموو سامان و داهاتی پارتی و بارزانییەکان خراوەتە خزمەتی بابۆوە، جگە لەوەش هەموو هێزە چەکدارەکانی پارتی فەرمانیان پێکراوە کە فەرماندەی یەکەم و مەرجەعیان تەنیا بابۆیە و کەسیتر لە سەرو بابۆوە نییە.

بە پێی نهێنییەکی دزەپێکراو لە ناو بارزانییەکانەوە، وەک چۆن کە مەلا مستەفا پێش مردنی، مەسعود بارزانیی وەک جێگرەوەی خۆی دەستنیشان کرد، سەرەڕای ئەوەی کوڕی گەورەی نەبوو، مەسعود بارزانیش بابۆی کوڕی دەستنیشان کردووە لە دوای خۆی کورسی دەسەڵات بگرێتە دەست.

هەرچەندە ئەو بڕیارەی مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی کوڕە گەورەی توڕە کردووە و هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە کە بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە و یەکەم هەنگاویشی ناوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرۆکایەتی پارتی و دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە ببێتە کەسی یەکەمی پارتی و بە زەبری هێز بڕیارەکەی باوکی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام مەسعود بارزانی ئامادەکاریی بۆ ئەو پلانەی مەسرور بارزانی کوڕی کردووە و ئاگای لە ڕازی دڵیەتی و لە ئاکامی هەر جوڵەیەکی نەخوازراودا کاردانەوەی زۆر توندی دەبێت و ئەوەشی بە دەست هێناوە لێی دەسێندرێتەوە.