ئەگەر بەغدا نەبێت هەرێم چی بکات؟

هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراقی یەکگرتوو و هەر بۆیە ئاساییە لە چوارچێوەی دەستووری ئەم وڵاتەدا بەشە بودجە و ماف و شایستەکانی دیکەش ڕەوانەی هەرێم بکرێت.

بەڵام کاتێک هەرێمەکەی ژێر دەسەڵاتی بارزانییەکان دەڵێت من ئابوری سەربەخۆم هەیە و نەوت بە ڕاستەوخۆ و بێ ڕەزامەندی و چاودێری حکومەتی عێراق و بێ گەڕانەوەی داهاتەکانی بۆ خەزێنەی گشتی هەناردە دەکەم، کاتێک هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆیی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ناگەڕێنێتەوە، کاتێک سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دژی سیاسەتی بنەڕەتی و بنەماکانی حکومەتی عێراقە، ئیتر چۆن حکومەتی بەغدا ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتیشی بۆ خەڵک خەرج نەکردووە و دەبینین کە مووچەخۆران چەندین مانگ بە دواکەوتن نیوە مووچەیەکیان پێدەدرێت و هەموو کەرتەکان بە ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەوە پەکیان کەوتووە.

داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە و خەڵک هیچ کات لێی سوودمەند نەبووە.

حکومەتی هەرێم داوای مووچە و بودجە لە بەغدا دەکات، داوای نەوتی سپی و بەنزین لە بەغدا دەکات، داوای پێداویستی پزیشکی لە بەغدا دەکات، داوای پارەی گەنمی جوتیاران لە بەغدا دەکات و دەیان داواکاری دیکە. ئەگەر بەغدا ئەم هەموو پێداویستییەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکات، چ واتایەک بۆ حوکمڕانی کوردی و دەسەڵاتی بارزانییەکان دەمێنێتەوە؟

پارتی و یەکێتی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان تاڵان دەکەن و داوای مووچە و بودجەش لە بەغدا دەکەن.