ئەژی ئەمین و ڕووداوەکانی 8 ی تەمموزی 2021

سەلمان ئەمین کە زیاتر بە ئەژی ئەمین دەناسرێت، یەکێک لەو کەسانە بووە کە ڕۆڵی بەرچاوی لە ڕووی هەواڵگرییەوە لە یەکلاییکردنەوەی هاوکێشەکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی لە 8 ی تەمموزی 2021 هەبووە بەڵام بافڵ تاڵەبانی دواتر لە سەرۆکی دەزگای زانیاری دووریخستەوە.

لە پشت ڕووداوەکانی 8 ی تەمموزی 2021 ی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە چەند کەسێک هەبوون کە ڕۆڵیان لە بەدیهاتنی بەرژەوەندی و ئامانجەکانی بافڵ تاڵەبانیدا هەبووە، یەکێک لەوان ئەژی ئەمین بووە کە دوای ئەو ڕووداوانە بووە سەرۆکی دەزگای زانیاری.

ئەژی ئەمین دواتر بە هۆی ناکۆکییەکانی لە گەڵ بافڵ تاڵەبانی و بە ناچار ڕووی لە هەولێر کرد و بووە خزمەتکارێکی دیوەخانی بارزانی و دەزگای پاراستن، هەر ئەوەش وایکرد کە وەک یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکرێت بەڵام هیچ دەسەڵات و ڕۆڵێکی پێنەدراوە و تەنیا وەک دژایەتییەکی یەکێتی لە لایەن بارزانییەکانەوە و لە چوارچێوەی شەڕی دەروونیی نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم پۆستەکەی پێدراوە.

ئەژی ئەمین کە لە هەر قۆناغێکدا بە جۆرێک خزمەتی بە لایەنەکان و وڵاتانی دیکە کردووە و وەک چۆن لە زمانی خۆیەوە باس کراوە سەردەمێک باشترین خزمەتی بە ئێران و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەم وڵاتە کردووە، لە پاش بوونی بە سەرۆکی دەزگای زانیاری، ئەم دەزگا و سلێمانیی کردە سەنتەرێکی هەواڵگری لە دژی ئێران. هەر ئەمەش وایکرد کە بافڵ تاڵەبانی ئاودیوی هەولێری بکات تا سەردەمێکیش لەوێ سەرقاڵ بێت و دوا چارەنووسی لەو شارەوە بنووسرێت کە ئەویش لەناوچوون یان بێ کاریگەربوونە.