ئەوەی کە لە پەیامەکەی بارزانیدا نەهاتووە

سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە یادی 77 ساڵەی دامەزراندنی حیزبەکەیدا پەیامێکی بە تام و بۆنی حیزبی بڵاو کردەوە، بێ ئەوەی کە بە یەک وشە باسی دۆخی ئێستای کوردستان و ئەو هەموو کێشە و قەیرانە بکات کە تەنگی بە ژیانی هاووڵاتیان هەڵچنیوە.

پەیامەکەی مەسعود بارزانی تەنیا ستایشکردنی سیاسەتی پارتی و ڕێبازی بارزانی و پیرۆزبایی لە ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەی بووە و هیچ ئاماژەیەکەی بە دۆخی ئێستا و داهاتووی کوردستان نەداوە.

بارزانی باسی ئەوەی نەکردووە کە پارتی و پارتییەکان بەشێکی هەڵگیرسێنەر و درێژەپێدەری شەڕی ناوخۆ بوون و هەر ئێستاش کاربەدەستانی ئەو حیزبە بە نەفەسی هەڵگیرسانەوەی شەڕەکە و دابەشبوونەوەی کوردستان هەڵسووکەوت دەکەن.

بارزانی باسی ئەوەی نەکردووە کە عینادی پارتی وای لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا کردووە کە قوت و بودجەی ئەم خەڵکە کرایە قوربانی سیاسەتەکانی ئەو و حیزبەکەی.

بارزانی ئەوەی باس نەکردووە کە بە ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2017 زیاتر لە نیوەی خاکی کوردستان لە دەستچووە و کاریگەری هەمان هەڵەی ستراتیژی هەر ئێستاش بە جەستەی هەرێمی کوردستانەوە دیارە.

بارزانی ئەوەی باس نەکردووە کە پارتی پەیوەندییەکانی لە گەڵ هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی کوردی لە سەر بنەمای یەکڕیزی و تەبایی نەبووە و تەنیا هەوڵی خۆسەپاندن و تاکڕەویی لە کوردستاندا داوە.

لە پەیامەکەی بارزانیدا ئەوە نەهاتووە کە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن پارتییەوە بۆ دژایەتی و بڵاوەپێکردنی هەوێنی دوژمنایەتی و هەوڵی سڕینەوەی ئەم و ئەو بەکار دەهێندرێت.

بارزانی باسی ئەوەی نەکردووە کە کوردستان لە سایەی حوکمی ڕەهای پارتیدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پاشەکشەدایە و تەنانەت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ خەڵک بوونەتە خەون و خولیا.

لە پەیامەکەی بارزانیدا ئەوە نەهاتووە کە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە سایەی حوکمی پارتیدا بووەتە شوێنی لەشفرۆش و یانە شەوانەکان و داڵدەدانی تاوانباران و بکوژانی ڕۆڵەی خەڵک و بەعسی و ئەنفالچییەکان.

لە پەیامەکەی بارزانیدا باسی ئەوە نەکراوە کە گەنجی کورد و ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە پۆل پۆل ڕێگەی هەندەرانیان گرتووەتەبەر و دەیان و سەدان لەوان لە ئاوەکانی ئەورووپادا بووەتە قوربانی و ڕۆڵەکانی ئەوان ژیانێکی شاهانەیان هەیە و وەک شازادە عەرەبەکان لە کۆشک و باڵاخانەکادا دەژین.

لە پەیامەکەی بارزانیدا زۆر شتی دیکە باس نەکراوە، کوردستان تەنیا پارتی نییە و تەنیا پارتییەکان نین کە ملکەچی سیاسەتەکانی ئەو حیزبە بن، بە پێچەوانەوە ئێستای کوردستان بووەتە ناڕەزایەتییەکی بەردەوام لە بەرامبەر سیاسەتەکانی پارتی و شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانیش تەنانەت بادینان و دەڤەری بارزانیشی گرتووەتەوە. کوردستان تەنیا ئەوە نییە لە چاوی ئەوانەوە دەبینرێت، بە پێچەوانەوە توڕەیی خەڵک لە دەسەڵاتی پارتی گەیشتووەتە لوتکە و هیچ شانازییەک بە ناوی دەسکەوت و ئەزموون و ئەم و ئەو نەماوە.