ئەوەی لە بەغدا باس ناکرێت مەسەلەی کوردە

چاودێرێکى سیاسی ڕایدەگەیەنێت، ئەوەى یەکێتى و پارتى لە بەغدا باسی ناکەن مەسەلەى کوردە و دەبێت کاربکرێت بۆ ئەوەى بە فەتوایەک کوردستانى بوونى کەرکوک دووپاتبکرێتەوە و دەشڵێت: عێراق ئامادەیە ڕاستەوخۆ بودجە بۆ حزبەکانى هەرێم بنێرێت بەپێى یاساى حزبەکان.

مەسعود عەبدولخالق، چاودێرى سیاسی لە وتارێکدا ڕایگەیاند، لە ماوەى ڕابردوودا سەردانى بەغدامان کرد و بەشێک لە لایەنەکانى عێراقمان بینیى، بۆمان دەرکەوت لایەنە دەسەڵاتدارەکانى کورد لە بەغدا ئەوەى باسی ناکەن مەسەلەى کورد و مافەکانى کوردە، کێشەى مادەى ١٤٠ و زەوى جوتیاران لە بەرنامەى دەسەڵاتى کوردا نییە لە بەغدا.

دەشڵێت:ئەگەر دەسەڵاتى کورد واز بهێنێت لە بەرژەوەندى تایبەتى و لە لاینە قەومییەکان دوور بکەونەوە بە سودى کورد دەشکێتەوە، بەتایبەت کار بۆئەوە بکرێت فەتوایە بدرێت کە کەرکوک کوردستانییە و ئەوەش قورس نییە.

ئەو چاودێرە سیاسییە وتیشى: داواشمان لە حەیدەر عەبادى کرد، لە پشکى کورد بودجەیەک دیاریبکەن بۆ لاینە کوردییەکان بۆئەوەى لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەژێر کۆنترۆڵى پارتى و یەکێتى بێنە دەرەوە، ئەوانیش وتیان ئەوە لە یاساى حزبەکاندا هاتووە و ئاسانە.