ئەوەش تورکیای دەستەبراتان

بۆ هەموو کەس ئاشکرایە کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان پەیوەندییەکی نزیک و تەنانەت لە هەندێک بواردا نهێنیی لە گەڵ تورکیا هەیە، پەیوەندییەک کە لە سەر بنەمای بەرژەوەندییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان نییە و خەڵک و خاک و مافی کوردستانی تێدا پێشێلکراوە.

تورکیا زەوی و ئاسمانی هەریمی کوردستانی داگیر کردووە. بە قووڵایی دەیان کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێم و بنکە و بارەگای سەربازیی کردووەتەوە و بیانووی ئەم داگیرکارییەشی بۆ هەبوونی هێزەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان گەڕاندووەتەوە. ئەگەرچی خەڵک دەزانن کە مەرامی تورکیا چییە و پەکەکەی تەنیا وەک بیانوویەک بەکار هێناوە.

تورکیا ئاسمانی هەرێمی کوردستانیشی داگیر کردووە و ڕۆژ نییە لەم ڕێگەیەوە هێرش نەکاتە سەر ناوچە جیاجیاکانی کوردستان. خەڵکی بێ تاوان دەکاتە قوربانی و لە لایەن دژە تیرۆری پارتییەوە کە وەک وتەبێژی میت و سوپای تورکیا چالاکی دەکات بە ئەندامانی پەکەکە ناو دەبرێن.

تورکیا لە ڕووی بازرگانییەوە زیاترین بەرژەوەندیی لە هەرێمی کوردستان هەیە و زۆربەی ئاڵوگۆڕەکان بە تایبەت لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لە گەڵ ئەو وڵاتەیە.

تورکیا چەند لایەنێکی سیاسیی تورکمانی کردووەتە دارەدەستی خۆی لە هەرێمی کوردستان و بە زۆر وایکردووە کە پشکی زۆریان لە حکومەت و پەرلەمان هەبێت و هیچ پابەندبوونێکیان بە کوردستانیش نییە و تەنیا بەرژەوەندی تورکیایان بە لاوە گرنگە.

تورکیا ساڵانێک نەوتی هەرێمی کوردستانی تاڵان کرد و ئێستاش بیانووی قەرەبووەکەی حکومەتی عێراقی بۆ ڕێگری لە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتەکەی کوردستان بەکار هێناوە.

بەم هەموو تاڵانی و بەرژەوەندی و داگیرکارییەوە کە بە دەستی پارتی بۆ تورکیا کراوە، ئەنکەرە فشارێکی زۆری لە سەر حکومەتەکەی مەسرور بارزانی درووست کردووە کە دەبێت ئەو قەرزەی بە حکومەتی هەرێم دراوە، بۆی بگەڕێنێتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم بە هۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و چارەسەرنەبوونی کێشەکانی لە گەڵ بەغدا بە شێوازی بنەڕەتی، تووشی قەیرانێکی دارایی بووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گیرفانی خەڵک و مووچەخۆرانی بەتاڵتر دەبێت.

ئەمەیە سیاسەتی تورکیا کە تەنیا پارێزەری بەرژەوەندییەکانی خۆیە و هیچ ماف و پێگەیەک بۆ هەرێمی کوردستان دانانێت. بەڵام گرنگ ئەوەیە کە پارتی و بارزانییەکان لەم ڕاستییە تێبگەن.