ئەوانەی ڕۆژانە خەڵک دەکوژن هاوبەشی دەسەڵاتن یان پیاوی پیاوانی دەسەڵات؟

هەر ڕۆژە و هەواڵی دڵتەزێنی شەڕی چەکداری لە شەقامی شارەکانی هەرێم دەبیسترێت و ئەمەش ئاسایشی هاوڵاتیانی ڕووبەڕووی مەترسی جدی کردۆتەوە.

شوان مام ڕەحمان قەشقە لە نووسینێکدا لەمبارەیەوە بەم پرسیارانە دەستپێدەکات؛ ئەوانەی ڕۆژانە خەڵک دەکوژن هاوبەشی دەسەڵاتن یان پیاوی پیاوانی دەسەڵات و تاکەی چەک بە دەست هاوڵاتیەوە دەبێت؟

لە درێژەی ئەم بابەتەدا هاتووە: لە ساڵانی رابردوو چەندینجار حکومەتی هەرێم و وەزیری ناوخۆ بڕیاری ئەوەیاندا، کە چیتر چەک بە دەست هاوڵاتیانەوە نەبێت، وەک هەموو جارێک ئەو جۆرە بڕیارانە تەنیا وەک؛ نووسینی سەر کاغەز مایەوە، کەسیشمان نازانین تاکەی وڵات بەو شێوەییە بەردەوام دەبێت.

ئەوە جێگایی داخە حکومەتی کەمتەرخەم و هاوڵاتی ناهوشیارە، ئاخر زانست و پەوەردەیی وڵاتان گەیشت بە تۆپ و لە لوتکەیە، ئێمەش دەبێت رۆژانە بە دیار هەواڵی بەپەلەی میدیاکانەوە بین کە چەند کەس کوژراو و چەندیتر برینداربوو، جەرگ سوتانی دایکان و باوکان و بێ نازبوونی ژن و منداڵانیش لەسەروی هەموویانەوە.

ئەوە لێرە گرنگە ئەوەییە؛ بەراستی لەسەر ئەو کوشتارگەیە کەی یاسا و داواکاری گشتی کاری خۆی دەکات؟ بۆچی ئەو رووداوانە لە حالەتەوە بووە بە دیاردە؟ ئەگەر یاسا بە هێزە کاریگەریەکەوە کاربکات ئەو رووداوانە بەردەوام دەبن؟ یان تازە دۆخەکە دەقی خۆی گرتووە و سولحی عەشایەریشی بەردەوامە؟ بۆ نا.! خۆ ئەوانەی چەکیان بە دەستە و خەڵک دەکوژن، کەسی ئاسایی نین، یان هاوبەشی دەسەڵاتن یان پیاوی پیاوانی دەسەڵاتن، ئیتر خەمی گشتی و هوشیاربوونەوەی کۆمەڵگاش بە قوربانی دۆلارە چاوسەوزەکانی ئەوان بێت.