ئەمە هەرێمی کوردستانە یان تەگزاس؟
پیاوێک بە تاپڕ هەر دوو ژنەکەی دەکوژێت، خەزور زاوا دەکوژێت، زاوا خەزوری دەکوژێت، ژن بۆ گەیشتن بە عاشقەکەی پیلانی کوشتنی مێردەکەی دادەنێت و دەیکوژێت، خوێندکاری زانکۆ دەستی دەچێتە خوێنی مامۆستاکەی، برادەرەکانی سەرکۆڵان بە سەرخۆشی یەکتر چەقۆکوژ دەکەن، برا برا دەکوژێت.
ئەم هەموو کوشتنە وایکردووە کۆمەڵگای کوردی ناشیرین بێت و شەپۆلێک لە ترس و نیگەرانی باڵ بە سەر هەرێمی کوردستاندا بکێشێت. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەمە کۆمەڵگای کوردییە یان تەگزاس؟ کێ لەم هەموو کوشتنە بەرپرسە و بۆ خوێنڕشتنی مرۆڤ و ئازیزەکانمان لای ئێمە ئاسایی بووەتەوە؟
فشارە دەروونییەکان لە سەر تاک بە هۆی خەراپی بارودۆخی ژیان و نەمانی پەروەردەی تاک لە مزگەوت و ناوەندە زانستی و ڕۆشنبیرییەکان، بەرهەمهێنانی نەوەیەکی پەروەردەکراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هاوردەکردنی کەلتوری بیانی و بێگانە و پەرەپێدانی لە لایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکان و میدیاکانەوە بە هۆکاری سەرەکی تێکچوونی کۆمەڵگای کوردی دادەنرێن.
حکومەت و دەسەڵات بەرپرسی سەرەکین لەم کوشتووبڕەی کە ڕوو دەدات، لە بەر ئەوەی کە نەبوونی و خەراپی گوزەرانی هەر تاکێک دەرەنجامی حکومڕانی ئەم دەسەڵاتەیە کە لە لایەکەوە خەڵک برسی دەکات و لە لایەکی دیکەوە خواردنە سەرخۆشکەرەکان لە خواردنی ڕۆژانە و پێویستی هاووڵاتیان هەرزانترن و چەک لە کوردستان بە ئاسانی دەست دەکەوێت.
زۆربەی ئەوانەی دەستیان چووەتە خوێنی ئازیزەکانی خۆیان و کەسانی دیکە، چەک لە شانەکانی دوو حیزبی دەسەڵاتدارن کە بۆ گوێڕایەڵی حیزب و خۆشویستنی کەس و بەرپرسەکانیان پەروەردە کراون نەک گوێڕایەڵبوونی ئائین و خۆشویستنی خێزان و کۆمەڵگا.
میدیاکان لە ژێر ناوی ڕکابەری و ڕووماڵی بەردەوام و بێ جیاوازی، بۆ کۆکردنەوەی لایک و بینەرێکی زیاتر، کوشتن و کێشە خێزانییەکان و تەنانەت کێشەی سەرجێی نێوان ژن و مێردێک دێننە سەر شاشەکان و ڕێز و شکۆیان بۆ تاک و خێزان نەهێشتووەتەوە و بۆ ئەمەش پاساوی ئازادی کاری میدیایی دەهێننەوە.
ئەوەی ڕوونە، تاوانەکانی کوشتن و خوێنڕشتن لە کوردستان زیادی کردووە و حکومەتیش بەرپرسی سەرەکییە لەم قەیرانە کۆمەڵایەتییە و میدیاکانی سەر بە حیزب و بەرپرسانیش بوونەتە سووتەمەنی ئاگری ئەم قەیرانە. حیزبە دەسەڵاتدارەکان و میدیاکانیان بە هاوردەکردنی کەلتوری بێگانە و بیانی، بوونەتە هۆکاری لەناوچوونی کەلتوری دەوڵەمەندی کوردی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی و هەڵوەشانەوەی شیرازەی خێزانی.