ئەمە دیمەنی قیبلەی کوردانی ناوچەکەیە!
ساڵ بە ساڵ تێپەڕ بوو، لەو ساڵانەدا هاتنی بەلێشاوی بودجەی بەغدا و بوونی پارەیەکی خەیاڵی ناوخۆیی کە بۆ لاوازبوونی حکومەتی ناوەندی عێراق دەگەڕایەوە، وایکرد کە حکومەتی هەرێم تا ڕادەیەک پرۆژە و بە ناو پێشکەوتنی هەبێت. ئەوەش ڕواڵەتیان بوو و هیچ پرۆژەیەکی ژێرخانی لە کوردستان بۆ پاشەڕۆژی خەڵک جێبەجێ نەکرا.
هەر بەمەش خەڵک وایان دەزانی کە ئەم حکومەتە دەتوانێت کوردستان بەرەو گۆڕانکاری ببات. هەندێک لە بەرپرسانیش باسی دۆبەی دووەمی ناوچەکەیان دەکرد و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە هەولێر دەکەنە دۆبەی دووەم و سەنتەری بازرگانی لە ناوچەکە.
بە هاتنی داعش و نەمانی بودجەکەی بەغدا و دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت، خۆری حکومەتی هەرێم ڕووی لە ئاوابوون کرد. بەرە بەرە خاڵە لاوازەکانی حکومەت دەرکەوتن و ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکان لە گەڵ بەهێزبوونی حکومەتی بەغدا و سەرهەڵدانی هێزی سیاسی نوێ لە کوردستان وایکرد کە گەندەڵی، زوڵم، دواکەوتن و شکستەکانی حکومەت زیاتر بن.
ئەوەیە کە دەبینین لە پاش ئەم هەموو ساڵە هیچ کێشە و گرفتێکی خەڵک چارەسەر نەبووە و تەنانەت بوونەتە قەیرانێکی گەورە. یەکێک لەوانەش کە بەڵگەیە لە سەر ئەم شکستە و ڕۆژانە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەبینرێت دیمەنی دابەشکردنی نەوتە گرانەکەی حکومەتە بە سەر هاووڵاتیاندا. ئەو دیمەنانە لە هەر کوێ بن بەڵگەی شکستی حکومەتی ئەو وڵاتەن. خەڵک بەم دۆخە ناتوانن باس لە ئاسوودەیی بکەن و حکومەتیش بەم هەموو بەڵگەوە ناتوانێت بانگەشەی سەرکەوتن بکات. بەم دیمەنانەش کاتی ئەوە بە سەرچووە کە کوردانی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بڵێن هەرێمی کوردستان قیبلەی سیاسی ئێمەیە.