ئەمەیە دۆخی هەرێمی کوردستان؛ سەرۆک وەزیرانی خۆڕاگر لە کوێیە؟

بە هۆی گرنگینەدانی حکومەتی هەرێمی ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بە درووستکردنی ڕێگاوبانەکان، ڕۆژانە هەواڵی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و گیان لە دەستدان و برینداربوونی خەڵک بووەتە بەشێک لە چالاکی میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

ئەفسەرێکی هاتووچۆ لە کاردانەوەی بەرامبەر بە ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، ڕایگەیاندووە کە بەرگەی هەواڵەکان ناگرین، لافیتەی ڕەش بە سووچی هەموو کۆڵانێکەوە دەبینرێت.

ڕائید بەهمەن عەبدوڵڵا ئەفسەری هاتووچۆی سلێمانی لە نووسینێکدا ڕایگەیاندووە کە مۆبایلەکانمان خوێنی لێدەچۆڕێ، ئازیزان بەرگەی هەواڵەکان ناگرین.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە لافیتەی ڕەش بە سووچی هەموو کۆڵانێکەوە دەبینرێت، نە کردەوەی خۆکوژییە، نە دوژمن هێرشی کردووە، نە غاز تەقیوە، نە بۆردومانی تورکیایە، لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوو 30 کەس بە ڕووداوی هاتووچۆ بریندار بوون و 11 کەس گیانیان لە دەستداوە کە ئەمە تەنیا ئەو ڕووداوانەن لە سۆشیاڵ میدیا بڵاو کراونەتەوە.