ئەمەیە ئەزموونی حکومڕانی کوردی؟!

ساڵی 1991 و بە ڕاپەڕینی گەلی کورد، ئیدارەیەکی خۆجێی لە کوردستان دەسەڵاتدار بووە، ئەم دۆخە بە شەڕی ناوخۆ و ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی و دوو ئیدارەیی لە هەولێر و سلێمانی بەردەوام بوو تا ساڵی 2005 و لە عێراقی پاش سەدام و نووسینی دەستووری نوێ، هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراقێکی یەکگرتوو و فیدراڵ چەسپێندرا و حکومەتی هەرێم بە فەرمی و بە زۆرینە لای پارتی و یەکێتی، بەردەوامی بە دەسەڵات داوە.

کە واتە 32 ساڵە دەسەڵاتی خۆماڵی لە کوردستان حوکم دەکات. بەڵام دەسکەوتەکەی چی بووە؟ هەر دوو حیزبی دەسەڵاتدار باس لە دەسکەوتەکانی ئەم ئەزموونە دەکەن. بەڵێ، ڕاستە، دەسکەوتی بۆ بنەماڵەکانی دەسەڵاتدار و تاقمی نزیک لەوان هەبووە. بانکەکانی دەرەوە پڕە لە پارە و دۆلاری دزراوی ئەم کوردستانە، بە دەیان موڵک و شوێنی گرانبەهایان لە دەرەوەی وڵات کڕیوە، بازرگانییەکی زۆریان بەڕێخستووە بۆ خۆیان، لە هەرێمی کوردستانیش ئەوە سەروەت و سامانی گشتی بێت لای ئەوان و بنەماڵەکانیان و کەسانی نزیک لە خۆیانە و خەڵکیش هەر چاوی لەوەیە کە بژێوی ژیانی خۆیان چۆن دابین بکەن.

بەدەر لەوەی کە ئەوان وەک دەسکەوت ناوی دەبەن و لە ڕاستیدا بەرژەوەندی حیزبی، بنەماڵەیی و کەسییە، چی بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کراوە؟

ئەمە پرسیارێکە کە زۆر جار تاکی کوردی بە خۆوە سەرقاڵ کردووە و هۆکاری سەرەکی بێهیوایی خەڵک و کۆچی گەنجان بەرەو هەندەرانیش بووە، ئەگەر گەنجی کورد لێرە لە کوردستان ژیانی بۆ دابین بکرێت، چۆن ڕێگەی هەنکوردستانکوردستانکوردستانکوردستاندەران و نوقمبوون لە ئاوەکانی یۆنان بە گیان دەکڕێت.

تێڕوانینێکی زۆر کورت و سادە لە سەر دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان ئێمە بە وەڵامی پرسیارەکە دەگەێنێت.

لە هەرێم و لە سایەی حکومڕانی کوردی یان جوت بنەماڵەوە، خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەوپەڕی خەراپیدان. ڕێگاوبانەکان، کەرتی تەندرووستی، کارەبا، ئاوی خواردنەوە، سووتەمەنی زستانە. ئەمانە هەمووی لای خەڵک ناو و بابەتی زۆر ئاشنان و دەزانن کە دۆخەکە چۆنە.

کام فەرمانبەر و مووچەخۆری ئەم کوردستانەیە کە لە حکومەتی هەرێم ڕازی بێت؟ مووچە دوادەکەوێت، بە لێبڕینی بەردەوامەوە دەدرێت، هیچ ئاسۆیەک بۆ باشتربوونی دیار نییە، تەنانەت ئەگەر لە بەغداشەوە پارە بێت.

کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام قوربانی دەگرن، ڕۆژ نییە هەواڵی کوژرانی خەڵک بڵاو نەبێتەوە. بەڵام حکومەت تەنیا دەست لە سەر دەست بە کەمتەرخەمی ماوەتەوە. ئەگەر کێشەیەکی ئەمنی لە دژی دەسکەوتەکانی هەر دوو حیزب و بنەماڵەی دەسەڵاتدار ڕوو بدات، ئایا بەم شێوەیە هەڵسووکەوت دەکەن یان ئەوەیە کە گیانی خەڵک بۆ ئەوان جێی گرنگی و بایەخ نییە.

ئەزموونە کوردییەکە لە پەیوەندی ناوخۆییش شکستی هێناوە. بۆ هەمووان ڕوونە کە پارتی و یەکێتی چۆن بەر دەبنە گیانی یەک و لە ئاکامدا هەمان بەرژەوەندییە هاوبەشەکان ئاشتیان دەکاتەوە. پەیوەندییەکانیان لە گەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق لە سەر بنەمای هەمان بەرژەوەندییە و تێڕوانینی نیشتمانی و هەوڵدان بۆ مافەکانی گەلی کوردی تێدا بەدی ناکرێت. لە ڕووی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشەوە دیسانەوە هەمان تێڕوانینی حیزبی و بنەماڵەیی بە سەر پەیوەندییەکاندا زاڵە. پارتی لە گەڵ تورکیا و یەکێتی لە گەڵ ئێرانە و ئەمەش کوردستانی بە سەر دوو جەمسەردا دابەش کردووە.

هەرێمێک ئەمە دۆخەکەی بێت، چی تێدا بۆ داهاتوو بەدی دەکرێت؟ تەنیا دەتوانین بڵێین کە ئەزموونەکەی شکستی هێناوە و هیچ هیوایەک بۆ باشتربوونی نییە.