ئەمریکییەکان چۆن کەلتوری کوردی لە ناو دەبەن؟

زیاتر لە ساڵێکە ستافی قۆنسوڵخانەی ئەمریکا شار بە شار و گوند بە گوندی ناوچەکانی هەولێر و دهۆک دەگەڕێن و بە ناوی کاروباری کەلتوری و کۆمەڵایەتییەوە خەڵک کۆدەکەنەوە.

زانیارییە پشتڕاستکراوەکان دەریدەخات کە ئەمریکییەکان پلانی زاڵبوونی کەلتوری خۆیان بە سەر هەرێمی کوردستاندا داڕشتووە و لەو ڕێگەیەوە دەیانەوێت کەلتور و داب و نەریتی ڕەسەنی کوردی لە کۆمەڵگەی هەرێمدا باوی نەمێنێت.

ستافی قۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە زنجیرە چالاکییەکدا بە ناوی ئاشنایەتی لە گەڵ سیاسەت، کەلتور و کۆمەڵگەی وڵاتەکەیان، سەردانی شار بە شار و ناوچە بە ناوچەی هەرێمی کوردستان دەکەن و خەڵک کۆدەکەنەوە و لەو ڕێگەیەوە دەیانەوێت کەلتوری دەوڵەمەندی کوردی پەراوێز بخرێت و کەلتوری ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریکی باڵ بە سەر کوردستاندا بکێشێت.

ئەو کەسانەی بە ناوی بەرپرس و شارەزای کاروباری قۆنسوڵخانەی ئەمریکا وتارەکانی تایبەت بەو پلانە پێشکەش دەکەن، هەوڵ دەدەن کەلتور و کۆمەڵگەی ئەمریکی بە پێشکەوتوو بخەنەڕوو و وای بۆ خەڵک ورد دەکەنەوە کە ئەم کەلتورە کوردییە دواکەوتووە و پێداویستییەکانی ئەمڕۆی ژیان پڕ ناکاتەوە و مرۆڤ بەوە دەگات کە دەبێت شوێنکەوتووی ئەو کەلتور و داب و نەریتەی ڕۆژئاوا بێت.

لە ئەنجامی ئەم پلانەی ئەمریکییەکانە کە دەبینین ڕێژەی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە. جیابوونەوەی هاوسەران گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، هاوڕەگەزبازی پەرەیسەندووە و لێکترازانی شیرازەی خێزانی بووەتە هەڕەشەیەکی جیدی لە سەر داهاتووی ژیانی خەڵک.

ئەوەی کە جێی داخە، ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پلان و پرۆژەیەکی بۆ پاراستنی کەلتوری کوردی نییە و خۆی بووەتە هاندەر و ڕێخۆشکەری زاڵبوونی کەلتوری ڕۆژئاوا لە کۆمەڵگەی کوردی.