ئەمریکییەکان دیسانەوە باس لە ڕووخانی حکومەتی هەرێم دەکەن
گۆڤاری فۆرن پۆلیسی لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی هەینی 25 ی ئابی 2023 بڵاوبووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای سەردانەکەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەگەری سەردانیکردنی بەغدا لە لایەن سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەوە، ناکۆکییەکانی نێوان هەر دوو لا سەبارەت بە پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بەردەوامە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە تا ئەم ساتە هیچ ئاماژەیەک نییە کە تورکیا بە نیاز بێت دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.
فۆرن پۆلیسی ڕایگەیاندووە کە بەردەوامبوونی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە لایەن تورکیاوە دەبێتە هۆی لەناوچوونی هەرێمی کوردستان بە تەواوی.
ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند ساڵێکە بە دەست کێشەی ئابورییەوە دەناڵێنێت و توانای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی لە دەست داوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەردەوامبوونی خەراپی دۆخی ئابوری هەرێم و قەیرانی ڕاگرتنی نەوتەکەی لە لایەن تورکیاوە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی ڕووخانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بۆ مانەوەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لە نێوان هەر دوو حیزبە سەرەکییەکەش لە ئارادایە.