ئەمریکا واز لە لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە دێنێت
ئەمریکییەکان بێهیوان لە ڕێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و پێکهێنانی لیوا هاوبەشەکان بە پێی ئەو پلانەی کە لە گەڵ هەر یەک لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا دایانڕشتووە.
بە بۆنەی بێهیوابوونیان لە یەکێتی و پارتی و شکستی پرۆژەکەیان، ئەمریکییەکان بەنیازن گورزێکی کەمەرشکێن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بوەشێنن و دەیانەوێت واز لە لیوا هاوبەشەکان بێنن کە چەند ساڵێکە مەشق و ڕاهێنان و پڕچەککردن و بواری داراییان لە سەر ئەوان بووە.
ئەگەر ئەمریکییەکان بڕیاری وەها بدەن، دەبێت دەسەڵاتدارانی کورد لەو ڕاستییە تێبگەن کۆتایی قەوارەی هەرێمی کوردستان هاتووە.
لە ئێستادا و بە پێی ئەو ڕاستییە کە دەبینرێت، شتێک بە ناوی وەزارەتی پێشمەرگە نەماوە، وەزارەتەکە وەزیری نییە و هەوڵەکانی یەکێتی بۆ دانانی وەزیری نوێ سەر ناگرێت، پارتی بە بریکارەوە هەموو بڕیارەکانی لە بەرژەوەندی خۆیدا قۆرخ کردووە و تەنانەت پشکی یەکێتی لە پۆست و ئیمتیازەکانی ئەم وەزارەتە لە 50 بە 50 ی پێشوو زۆر کەمکراوەتەوە و وەک بەرپرسانی یەکێتی دەڵێن شتێک بە ناوی یاسا و ڕێز و حورمەت لە وەزارەتی پێشمەرگەدا بوونی نەماوە.