ئەمریکا هەڕەشە لە پارتی و یەکێتی دەکات؛ ئەزموونی ئەفغانستان دووبارە دەبێتەوە؟
ئەم هەواڵە لە لایەن پێگەی بغداد الیوم ی عێراقییەوە ئاشکرا کراوە و پشت بە سەرچاوەیەک کە ناوەکەشی نەهێنراوە، هاتووە کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ماوەیەکی بۆ پارتی و یەکێتی دیاریکردووە و هەڕەشەی ئەوەیکردووە کە ئەگەر لەو ماوەیەدا هێزەکانی پێشمەرگە یەکنەخەنەوە، هاوکارییەکان بە چاو نابینن.
بەدەر لەو پەیامەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، شاندێکی بەریتانیش بە سەرۆکایەتی گەورە ڕاوێژکاری بەرگری ئەو وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە گەڵ سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی بە جیا کۆبوونەوە و هەمان پەیامیان بە زمانێکی دیکە گەیاندە دەسەڵاتدارانی هەرێم کە نوێنەری پارتی و یەکێتین.
ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان و پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەنجامەکەی ئەوە دەبێت کە چارەنووسی ئەفغانستان چاوەڕوانی هەرێمی کوردستانیش دەکات.