ئەمریکا هەرێمی کوردستان دەکاتە ئەفغانستانی دووەم

ساڵێک بە سەر ڕێکەوتنی سەربازیی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێپەڕ دەبێت و پرۆژەی چاکسازییەکان و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە جێبەجێ نەکراوە.

پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە نووسینی وین ڕۆجەرس ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە چاکسازییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شکست نزیک بووەتەوە و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە ناتوانن ڕێگری لە سیاسەتی بەرژەوەندی حیزبی بکەن و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکان بە دەگمەن بەرەوپێشچوونی پێوە دەبینرێت.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پابەند نین بە ئەنجامدانی چاکسازییەکان لە ناو هێزەکانی پێشمەرگە.

نووسەری ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە شکست بێنن، ئەوا سزای قورسی بە دواوە دەبێت و لەو کاتەشدا کات بە فیڕۆدان و دڵنیاکردنەوە سوودی نابێت.

پێشتریش جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگە یەکنەخرێنەوە، ئەوا هاوپەیمانان پشت لە هەرێم دەکەن و بە هەمان شێوەی ئەفغانستان بە جێی دەهێڵن.