ئەمریکا هاواری لە یەکێتی و پارتی هەڵساندووە

حکومەتی ئەمریکا لە ئەگەری شکستی پرۆژەی چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، یەکێتی و پارتی لە بوونی هێزی سەربازی چەک دەکات. بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی ئەمریکاش مەسرور بارزانی پێکهێنانی سێ لیوای هاوبەشی لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاند و قوباد تاڵەبانیش بەپەلە خۆیی گەیاندە وەزارەتی پێشمەرگە و لە گەڵ بەرپرسانی یەکێتی پرسی چاکسازییەکانی تاوتوێ کرد.

ئەمریکا و هاوپەیمانان هەڕەشە لە هەر دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەمساڵیش بووەتە دوا موڵەت بۆ یەکێتی و پارتی.

دەستبەسەرداگرتنی هێزە چەکدارەکان لە لایەن یەکێتی و پارتییەوە توڕەبوونی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی گەیاندووەتە لوتکە و دوا موڵەت بەوان دراوە و هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەگەر تا کۆتایی ئەمساڵ هێزەکانی پێشمەرگە یەکنەگرنەوە، دوو حیزبەکە لە بوونی هەر هێزێکی سەربازی چەک دەکرێن.

دوایین پەیامی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرپرسانی باڵای یەکێتی و پارتی ئەوە بووە کە ئەگەر کێشە بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە درووست بکرێت، ئەو هێزانە دەخرێنە سەر عێراق و لە چنگی کورد دەردەهێندرێن.

ئەمریکییەکان پێیان وایە کە پارە و بودجەی خۆریان لە پێناو یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا بەکار هێناوە بەڵام لیوا هاوبەشەکان لە کێشە و گرفتدا شڵەقاون و ئەگەر واشنتن پارەی ئەو هێزانە ببڕێت ڕەنگە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا هەڵبوەشێنەوە.

ئەمریکا داوایکردووە کە هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر دەستی حیزبدا نەبن و بە نیشتمانی بکرێن نەک ئەوەی کە باڵی سەربازیی یەکێتی و پارتی بن. ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی بەرپرسانی باڵای یەکێتی و پارتی بەکار دێن و هیچ لە هێزی نیشتمانی ناکەن.

فشارەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوکاتە لە گەڵ فشارەکانی تایبەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان. ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەیکردووە کە ئەمجارە لە هەڵبژاردنەکاندا نابێت یەکێتی و پارتی لە هێزە چەکدارەکان بۆ مانەوە و بەرژەوەندییەکانی خۆیان کەڵک وەربگرن. ئەمریکا بە ڕاشکاوانە بە بەرپرسانی دوو حیزبەکەی ڕاگەیاندووە کە ئامادەیە بکشێتەوە و کوردستان بە جێ بێڵێت.