ئەمریکا دەڵێت ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمدا نییە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئاماژەی بە پێشێلکارییەکانی هەرێمی کوردستان داوە.

لەو ڕاپۆرتەدا سەبارەت بە دۆخی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستاندا هاتووە کە چالاکوانانی میدیایی و کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی چەندین جۆری فشار و گێچەڵ بوونەتەوە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە. لە ئەنجامدا ئاستەنگی سەرەکی بۆ پیادەکردنی ئازادی ڕادەربڕین، بریتی بوو لە خود سانسۆرکردن بە هۆی ترسی ڕاستەقینە لە تۆڵەسەندنەوە لە لایەن حکومەت، حزبە سیاسییەکان، هێزە ئیتنی و مەزهەبییەکان، میلیشیاکان، گرووپە تیرۆریستی و توندڕەوەکان یان باندە تاوانکارەکان.

داکۆکیکارانی ئازادی ڕادەربڕین دەڵێن لە بەر ئەوەی یاسا بە دیاریکراوی پێناسەی ئەو کردارانەی نەکردووە کە دەچنە چوارچێوەی پێشێلکردنی نیزام و ئازادی گشتی، دەسەڵاتداران دەتوانن ئازادی ناڕۆشنی یاساکە بە کار بێنن بۆ کپکردنی ئازادی ڕادەربڕین.

تاکەکەسەکان نەیانتوانیوە بە ئاشکرا یان بە ڕێگەی تایبەت ڕەخنە لە حکومەت بگرن بە بێ ترسی تۆڵەسەندنەوە. هێزە ئەمنییەکان گێچەڵیان بە چالاکوانان و بزووتنەوە سیاسییە نوێیە ڕیفۆرمخوازەکان کردووە، بە شێوەی ئۆنلاین یان ڕووبەڕوو، لە ڕێگەی وەک بڵاوکردنەوەی زانیاری ساختەی ئۆنلاین، هاککردن و هەڕەشەی تر یان بەکارهێنانی تووندوتیژی جەستەیی بۆ بێدەنگکردنیان و ڕاگرتنی چالاکییەکانیان.

گێچەڵی یاسایی لە لایەن حزبە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکان و گرووپە میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێران بە بە کارهێنانی دۆسیەی یاسایی هەڵبەستراو لەدژی چالاکوانان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوانان بۆتە هۆی سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین و بەشداریکردنی مەدەنی. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ڕاپۆرتیانداوە لە سەر ئاستی بێوێنەی گێچەڵی یاسایی، بەتایبەتی لە ڕێگەی تۆمەتبارکردنی هەڵبەستراوی بەشداریکردن لە چالاکیی تاوانکاریی و سزادانی تەمومژاوی لە سەر “ناڕەزایی” یان “ناوزڕاندن” پاش بڵاوکردنەوەی سەرنج و ڕەخنە دژی کاربەدەستانی حکومەت. هەندێک جار ناودەبرێن بە دۆسیەی یاسایی هەڵبەستراو، ساختە یان وەڕسکار، ئەم دۆسیە یاساییانە ماددەی یاسایی تەمومژاوی بەکاردەهێنن و پشتدەبەستن بە شرۆڤەی زۆر کراوەی یاسا. زۆر کەیسی دۆسیەی هەڵبەستراو ناگات بە ڕای گشتی بەهۆی ترسی قوربانییەکان لە زیانپێگەیاندنی زیاتر.

هێزەکانی ئاسایش، ، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی یان هێزەکانی پارتی، ئەو خۆپیشاندەر و چالاکوانانەیان دەستگیر و بەندکردووە کە ڕەخنەگری دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، ئەمەش بە پێی گوتەی چالاکوانان، نوێنەرانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕاپۆرتەکانی ڕاگەیاندنەکان.

پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەولەویەتی دەستگەیشتن دەدەن بەو دەزگایانەی خۆیان یان ئەندامەکانیان خاوەندارێتی یان کۆنتڕۆڵیان دەکەن. دەزگا میدیاییەکانی هەرێمی کوردستان کە پاڵپشتی سیاسی و دارایی بەهێزیان نییە، ئاماژەیان بە سەختی دەستگەیشتن بە زانیاری یان شوێنەکانی ڕاپۆرت داوە.